
دەسەڵاتی دادوەریی ئێران، داوای قەرەبووی 290 ملیاردۆلار وەک زیانەکانی جەنگ دژ بە وڵاتەکەیان لە واشنتن دەکات.
دەسەڵاتی دادوەریی ئێران: قەرەبووەکە بۆ هەموو ئەو دەستدرێژییانەیە کە لە ماوەی دەیەی ڕابردوو ئەمریکا دژی ئێران ئەنجامیداوە.
حەسەن عەبدوڵیانپوور، سەرۆکی ناوەندی پارێزەرانی دەسەڵاتی دادوەری ئێران، بە میدیا فەرمییەکانی وڵاتەکەی راگەیاندووە، لە بڕیارێکدا کە کۆدەنگی سەرجەم دادگا ناوخۆییەکانی وڵاتەکەی لەسەرە داوای 290 ملیار دۆلار قەرەبوو وەک زیانەکانی جەنگ لە واشنتن دەکەن و دەشڵێن، قەرەبووەکە تەنیا بۆ جەنگی ئەم دواییە نییە.
داواکارییە قەرەبووی جەنگ تەنیا جەنگی 12 ڕۆژە و چلە ڕۆژە ناگرێتەوە، بەڵکو تەواوی ئەو جەنگ و دەستدرێژییانە دەگرێتەوە کە لە ماوەی دەیەی ڕابردوو ئەمریکا دژی ئێران ئەنجامیداوە.
دوای بڕیارەکە لە ئێستا دەمانەوێت بەشێک لە قەرەبووەکە لەو کەشتییە پەیوەندیدارانەی پەیوەست بە ئەمریکا وەربگرین کە لە لایەن هێزەکانی ئێرانەوە دەستیان بەسەردا گیراوە.
لە چوارچێوەی بڕیارەکەدا چەندین سکاڵای یاسایی دژ بە وڵاتانی کەنداو و ناوچەکە بەهۆی بەکارهێنانی خاکی وڵاتەکەیان دژ بە سەروەی خاکی ئێران تۆمارکراوە.
28ی شوباتی ئەمساڵ ئەمریکا و ئیسرائیل هێرشی سەربازییان کردە سەر ئێران لە یەکەم ڕۆژی جەنگەکەش عەلی خامنەیی ڕێبەری پێشووی وڵاتەکە و چەندین پلەدار و بەرپرسی باڵای وڵاتەکە کوژرا.
بە گوێرەی ئامارەکانی وەزارەتی تەندروستیی ئێران، تەنیاژمارەی کوژراوانی جەنگی 40 ڕۆژەی وڵاتەکەی نزیکەی 3 هەزار و 375 کەس بووە و لیژنەى مەدەنی پەرلەمانی ئێرانیش ڕایگەیاند، جگە لە زیانی مرۆیی زیاتر لە 50 بۆ 60 هەزار یەکەی نیشتەجێبوون لە سەرانسەری وڵاتەکە زیانیان پێگەیشتووە.