ئەردۆغان، چۆڵکردنی ئەشکەوتەکان لەلایەن پەکەکەوە بە هەواڵی زۆر خۆش ناو دەبات.
هەنگاوەکانى پڕۆسەى چارەسەری خێراتر کراون و ئەردۆغان بە پڕۆژەى دەوڵەتى دەزانێت.
دەوڵەت پڕۆسەکە بە "تورکیاى بێتیرۆر" و دەم پارتى و قەندیل بە پڕۆسەى چارەسەریی ناوی دەبەن.
ڕەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا، دوای کۆبوونەوەی کابینەی حکومەت، باسی لە چۆڵکردنی ئەشکەوتەکان لەلایەن پەکەکەوە کرد و بە هەواڵی زۆر خۆشی ئەم هەفتەیە ناوی برد، گوتیشى "ئێستا دەتوانین بڵێین نزیکەی هەموو ئەشکەوتەکانی زاپ، مەتینا و خواکوڕک چۆڵ کراون".
لە کۆتایی هەفتەدا هەواڵی زۆر خۆشمان بیست کە چۆڵکردنی 14 ئەشکەوتی دیکە بوو لە خواکوڕک.
بەو جۆرەش بە نزیکەیی هەموو ئەشکەوتەکانی زاپ، مەتینا و خواکوڕک چۆڵ کراون.
لە ئاستی سیاسیش ئەم هەفتەیە سەرۆکی پەرلەمان، نووسراوێک ئاراستەی پارتەکان دەکات و داوایان لێ دەکات ناوی ئەندامەکانیان بۆ ئەندامبوون لە لیژنە پەرلەمانییەکە بنێرن.
دەمانەوێت ڕەوتی تورکیای بێتیرۆر بە بەربڵاوترین سازانی سیاسی و کۆمەڵایەتی بەرەو پێش ببەین.
ئەردۆغان ئاماژەی بەوەش کرد، "تورکیای بێتیرۆر" کە بووەتە پڕۆژەی دەوڵەت، بە هەموو هێز و توانای خۆیانەوە کار لەسەر سەرخستنی پڕۆسەکە دەکەن و داوای لە هەموو لایەنە سیاسییەکان کرد پشتیوانیی لە پڕۆسەکە بکەن.
بە ڕژدی و وریاییەکی زۆرەوە کاری لەسەر دەکەین.
ئەوەش وای کردووە ئەنجامی باش بەدەست بهێنین.
بۆ ئەوەی بگاتە سەرکەوتن، بە هەموو توانامانەوە شانی خۆمان داوەتە بەر پڕۆسەکە.
بەهۆی پڕۆسەکەوە بازرگانی و گەشتوگوزار لە دیاربەکر و شارەکانی دیکە زیادیان کردووە.
سەرۆککۆمارى تورکیا ئاشکراشى کرد لە 40 ساڵدا دوو تریلیۆن و 300 ملیار دۆلاریان لە ڕووبەڕووبوونەوەی "تیرۆر"دا خەرج کردووە، گوتى "کاتی ئەوەیە بە هەمیشەیی لەم کێشەیە ڕزگارمان ببێت".


