
لە سێ شاری ئێران حاڵەتی بەکۆمەڵی ژەهراویبوون بە خواردنەوە کهولییە ساختەکان تۆمار کرا.
لە 24 کاتژمێری ڕابردوو پێنج کەس لە ئێران بەهۆی خواردنەوەی کهولی ساختەوە گیانیان لە دەستداوە.
لە 24 کاتژمێری ڕابردوو 150 کەس لە ئێران بەهۆی خواردنەوەی کهولی ساختەوە ژەهراویبوون.
بەگوێرەی وەزارەتی تەندروستی و میدیای ئێران، تەنیا لە 24 کاتژمێری ڕابردوو لە هەر سێ شاری نیشابوور لە پارێزگای "خۆراسانی ڕەزەوی و شیراز و مەرودەشت لە پارێزگای فارس" 150 کەس بەهۆی خواردەنەوەی کهولی ساختەوە ژەهراوی بوون و پێنج کەسی دیکە گیانیان لە دەستداوە.
میلاد تەقدیسی حەیدەریان، بەرپرسی بەشی چاودێری لە زانکۆی زانستە پزیشکییەکانی شاری نیشابوور ڕایگەیاند، لە شارەکە تاوەکو ئێستا 72 کەس بەو هۆیەوە ژەهراویبوون و چوار کەسی دیکە گیانیان لەدەستداوە کە سێ پیاو و ژنێک بوون.
حەیدەریان دەشڵێت، لەو 72 کەسە 39یان لە نەخۆشخانەکان خەوێنراون و هەشتی دیکەیان ڕەوانەی نەخۆشخانەی ئیمام ڕەزایی مەشهەد کراون.
میدیای ئێران بڵاویکردەوە لە هەمان ماوەدا 30 کەس لە شارەکانی شیراز و مەرودەشت لە پارێزگای فارس بەهۆی خواردنەوەی کهولی ساختەوە ژەهراویبوون و کەسێکیش گیانی لە دەستداوە.
هەر بەگوێرەی میدیای ئێران چوار لە ژەهراویبووەکانی شیراز دۆخی تەندروستییان ناجێگیرە و لەژێڕ چاودێریی چڕی پزیشکیدان.
بەرهەمهێنان و فرۆشتنی کهولی ساختە، وەک یەکێک لە مەترسیدارترین دیاردە تەندروستی و کۆمەڵایەتییەکان لە ئێران سەریهەڵداوە و ژیانی هاوڵاتییانی خستووەتە مەترسییەوە. لەم دیاردەیەدا، بازرگانە نایاساییەکان بە مەبەستی قازانجی خێرا، ماددەی کیمیایی کوشندەی وەک "میسانۆڵ" و کهولی پیشەسازی تێکەڵ دەکەن و لەناو بتڵی مارکە جیهانییەکاندا دەیفرۆشنەوە، کە ئەمەش دەبێتە هۆی ژەهراویبوونی توند، کوێربوونی هەمیشەیی، تێکچوونی گورچیلە و جگەر، و زۆرجاریش مردنی دەستبەجێی بەکارهێنەرانی لێدەکەوێتەوە.

