
ئەمڕۆ حکومەتی تورکیا بۆ تاوتوێکردنی ژمارەیەک تەوەری پەیوەست بە ئابووری، دارایی و ئەمنی کۆدەبێتەوە.
حکومەتى تورکیا ئەمڕۆ پرۆسەی چەکدانانی پەکەکە تاوتوێدەکات.
کۆبوونەوەکە بە سەرۆکایەتیی رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا لە کۆشکی سەرۆکایەتیی کۆمار کاتژمێر 15:00 بەڕێوەدەچێت و بەگوێرەی زانیارییەکانی میدیای تورکیا پێنج تەوەری سەرەکی لە کۆبوونەوەکەدا تاوتوێ دەکرێن.
سەرەکیترین تەوەری کۆبوونەوەکە زیادکردنی مووچەی خانەنشینانە کە لە تورکیا بە پشکی خۆشگوزەرانی ناسراوە و کاریگەریی ڕاستەوخۆی لەسەر ژیانی 17 ملیۆن خانەنشین دەبێت.
هاوکات کارەکانی تاوتوێکردنی بودجەی 2027ـی وڵاتەکە دەخرێنە بەرباس، کە لە ماوەی ڕابردوودا لە لیژنەی پلان و بودجەی پەرلەمانی تورکیا، بەشێوەیەکی ڕۆژانە و هەر ڕۆژەی بودجەی وەزارەتێک تاوتوێ دەکرێت.
یەکێکی دیکە لەو تەوەرانەی کۆبوونەوەکە دەیخاتە بەرباس، قەیرانی سندووقەکانی وەبەرهێنانە و میدیای تورکیا دەڵێت، چاوەڕواندەکرێت پرسەکە لە هەردوو ڕەهەندی دادوەری و کارگێڕییەوە بەشێوەیەکی گشتگیر تاوتوێ بکرێت.
پرۆسەی چارەسەریی کە ئەنقەرە بە تورکیای بێتیرۆر ناویدەبات، یەکێکی دیکە دەبێت لە تەوەرەکانی کۆبوونەوەکە و بەگوێرەی میدیای تورکیا، پرۆسەی چەکدانانی پەکەکە، لەچوارچێوەی ڕاپۆرتە هەواڵگرییەکانی یەکە ئەمنییەکان تاوتوێدەکرێن.
دوێنێ میدیای نزیک لە دەسەڵاتی تورکیا بڵاویکردەوە، بەهۆی داواکارییەکانی بەرپرسانی پەکەکە و نەکشانەوەیان لە گارە و خواکوڕک، چاوەڕوانناکرێت لەمساڵدا کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی ئاسایشی نیشتمانیی تایبەت بە بڕیاردان لەسەر پرۆسەکە بەڕێوەبچێت و دەکەوێتە کۆتایی مانگی یەکی ساڵی ئایندە.
کابینەی حکومەتی تورکیا هاوکات تاوتوێی گرژییەکانی نێوان ئەمریکا و ئێران و چارەسەرکردنیان لە ڕێگەی دیپلۆماسییەوە دەکات و ئاسایشی کەشتیوانی لە گەرووی هوورمز دەخاتە بەرباس. هاوکات باس لە هێرشەکانی ئیسرائیل بۆ سەر سووریا و غەززە دەکرێت و دوایین پێشهاتەکانی نیمچەدوورگەی عەرەبی باس دەکرێن.
چاوەڕوان دەکرێت لە کۆبوونەوەکەدا دەرەنجامەکانی لووتکەی نەتەوەیەکگرتووەکان بۆ کەشوهەوا ناسراو بە کۆپ31 کە لە ئەنتاڵیا بەڕێوەچوو، تاوتوێ بکرێت.
حکومەتی تورکیا مانگانە دوو جار کۆدەبێتەوە و دوایین کۆبوونەوەی لە نۆی تشرینی دووەمی 2026دا بوو.
