
پارتی دیموکراتی کوردستان ڕاگەیێنراوێکی لەسەر کۆبوونەوەی پەرلەمان بڵاوکردەوە.
پارتی دیموکراتی کوردستان دەڵێت ، لە پرۆسەیەکى یاسایى و دیموکراتیدا دەستەى سەرۆکایەتى پەرلەمان هەڵبژێردراوە.
پارتی دیموکراتی کوردستان بەهۆى بڕیارى سیاسیى سەرکردایەتى یەکێتیى و نەوەى نوێ پەرلەمان پەکخرابوو.
پارتی دیموکراتی کوردستان ڕاشیگەیاندووە، کارابوونەوەى پەرلەمان دژى هیچ کەس و لایەنێک نییە و دەرگا کراوەیە بۆ هەموو لایەک
پارتی دیموکراتی کوردستان لە ڕاگەیێنراوێکیدا دەڵێت، ئەمڕۆ، ٤ى تشرینى دووەمى ٢٠٢٦، پەرلەمانى کوردستان بە ئامادەبوونى زۆرینەى پەرلەمانتاران، درێژەى بە کۆبوونەوەى یەکەمى خۆیدا و لە پرۆسەیەکى یاسایى و دیموکراتیدا دەستەى سەرۆکایەتى پەرلەمانى هەڵبژارد.
وێڕاى پیرۆزباییمان لە هەموو کوردستانیان، پیرۆزبایى لە سەرۆکى پەرلەمان و جێگر و سکرتێرى پەرلەمان دەکەین و لەم ئەرکە نیشتمانییەیاندا هیواى سەرکەتنیان بۆ دەخوازین.
ئەمە هەنگاوێکى درەنگوەخت بەڵام پێویست بوو لەپێناو پاراستنى قەوارەى دەستووریى هەرێمى کوردستان.
بەداخەوە دوو ساڵە بەهۆى بڕیارى سیاسیى سەرکردایەتى یەکێتیى نیشتمانی و نەوەى نوێ ئەم دامەزراوە شەرعییەى هەرێم کە نوێنەرایەتى دەنگ و ئیرادەى خەڵک دەکات پەک خرابوو.
ئەمڕۆ زۆرینەى پەرلەمانتاران لە فراکسیۆنەکان، بە هەستکردنیان بەرامبەر بە ئەرکى نیشتمانیان و ڕێزگرتن لە دەنگى خەڵک و پابەندییان بە سوێندى یاسایی، پرۆسەى دیموکراسییان سەرخست و کۆتاییان بەو بۆشاییە یاساییە و خۆسەپاندنى کەمینەیەکى سیاسى هێنا.
پەرلەمانى کوردستان شوێنى ڕاستەقینەى دانوستانى سیاسى و یاساییە و فاکتەرى یەکڕیزى و یەکگرتنى ناوخۆى کوردستانە.
کارابوونەوەى پەرلەمان دژى هیچ کەس و لایەنێک نییە و دەرگا کراوەیە بۆ هەموو لایەک.
ئومێدەوارین دوابەدواى کاراکردنەوەى پەرلەمانى کوردستان، فراکسیۆنى لایەنەکانى دیکەش بڕیارى ئەرێنى بدەن و بەشداربن لە پاراستنى شەرعیەت و قەوارەى هەرێمى کوردستان.
ئەوەش لە دوای ئەوە هات ، لەسەر داواکاری فراکسیۆنی پارتی و چەند لایەنێکی دیکە ئەمڕۆ پەرلەمانی کوردستان کۆبووەوە و دەستەی سەرۆکایەتی پەرلەمانیان دیاریکرد و کۆتاییان بە دانیشتنەکە هێنا.
