
بەبۆنەی 37ـەمین ساڵیادی دامەزراندنی یەکێتیى ژنانەوە پیرۆزبایى لێکردن.
بافڵ جەلال تاڵەبانی بە بایەخەوە لە خەباتى ڕێکخراوەکە بۆ مافەکانى ژنان دەڕوانێت.
بافڵ جەلال تاڵەبانی پشتیوانى حیزبەکەى بۆ یەکێتیى ژنان دووپات دەکاتەوە.
بافڵ جەلال تاڵەبانی، سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە پەیامەکەیدا دەڵێت "مێژووی پڕ لە سەروەری و خزمەتەکانی یەکێتیی ژنانی کوردستان، سەلمێنەری ئەو ڕاستییەن کە ڕێکخراوەکەتان هەمیشە سەنگەرێکی پتەوی داکۆکیکردن بووە لە مافەکانی ژنان". جەختدەکاتەوە ڕێکخراوەکە بەشێکی دانەبڕاو بووە لە خەباتی ڕەوای گەلەکەمان و مێژووی درەوشاوەی یەکێتی.
دەستخۆشیتان لێ دەکەین بۆ ئەو هەنگاوە نوێگەری و بەرنامە پێشکەوتنخوازەی گرتووتانەتەبەر بۆ درێژەدان بە خزمەتەکانتان.
چاوەڕوانین ئەو ستراتیجە نوێیەی داتانڕشتووە ببێتە وەرچەرخانێکی گرنگ بۆ پشتگیریکردن لە سەرخستنی داخوازییە رەواکانی ژنان لە وڵاتەکەماندا.
ئێمە لە یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، لە باوەڕی نەگۆڕمانەوە وەک هەمیشە داکۆکیکاری ڕاستەقینەی بەدیهێنانی مافەکانتان دەبین.
لە کۆتایى پەیامەکەیدا بافڵ جەلال تاڵەبانی دەڵێت "لەگەڵتانین بۆ فەراهەمکردنی ژینگەیەکی شایستە تاوەکو ژنانی ئازا و ئازادی کورد لە کایە سیاسی، کارگێڕی و کۆمەڵایەتییەکاندا خاوەن بڕیاری ڕاستەقینە بن و دەرفەتی یەکسانیان بۆ بڕەخسێندرێت لە بەڕێوەبردن و سەرخستنی کۆمەڵگەکەماندا".
