لە 25 پۆلی قوتابخانەیەکی ئیستانبوڵ وانەی کوردی دەخوێنرێت

پووختەى هەواڵ

  • لە ئیستانبوڵ قوتابییە تورکەکان وانەی کوردی دەخوێنن.

  • یەکەمجارە لە ئیستانبوڵ وانەی بژاردەی کوردی دەخوێنرێت.

  • لە ساڵی 2012ـەوە وانەی بژاردەی کوردی لە باکوورى کوردستان دەخوێنرێت.


پارێزەر سوپحی ئۆزگەن، سەرۆک و دامەزرێنەری ڕێکخراوی بزووتنەوەی زمانی کورد "هەزکورد"، بە کەناڵ8ـی ڕاگەیاند، بۆ یەکەمجار لە مێژوودا، ئێستا لە 25 پۆلی قوتابخانەیەکی شارۆچکەی ئەسەنیورتی ئیستانبوڵ، وانەی بژاردەی کوردی دەخوێنرێت.


ئۆزگەن، پارێزەرە و چەند ساڵێکە لە باکووری کوردستان و تورکیا کار بۆ زمانی کوردی دەکات:

  • ئێستا لەو قوتابخانەیەی ئیستانبوڵ 250 قوتابی وانەی بژاردەی کوردی دەخوێنن.

  • لەکاتێکدایە ساڵی پار، تەنیا 75 قوتابی وانەکەیان دەخوێند.

  • چوار یەکی ئەو قوتابییانەی وانەی بژاردەی کوردی دەخوێنن، تورکن.

  • ئەمساڵ لە ئیستانبوڵ هەزار قوتابی داوای خوێندنی وانەی کوردییان کردووە.

  • بەڵام بەهۆی نەبوونی مامۆستای زمانی کوردی، ناتوانن وانەکە بخوێنن.

  • ئەگەر هەوڵەکان یەکبخرێن، دەکرێت ساڵی داهاتوو تەنیا لە ئیستانبوڵ، 100 هەزار قوتابی داوای خوێندنی وانەی کوردی بکەن.

شارۆچکەی ئەسەنیورت گەورەترین ناوچەی ئیستانبوڵە و نزیکەی ملیۆنێک کەسی تێدا دەژی، بەشێکی دیاری خەڵکی ناوچەکە، ئەو کوردانەن لە باکووری کوردستانەوە کۆچیان کردووە.

لە هەر قوتابخانەیەکدا 10 قوتابی داوای خوێندنی وانەکە بکەن، پێویستە پۆلێکیان بۆ جیابکرێتەوە و هەفتانە دوو کاتژمێر وانەکە بخوێنن.

زانیاریى زیاتر بۆ تۆ:

ئەمساڵ لە تورکیا ئازادکردنی 116 زیندانیکراو دواخراوە

Loading related news...