دابەشکردنى غازی ئێڵ پی جی بەسەر بەنزینخانەکانى شارى سلێمانى خێراتر دەکرێت.
نرخى یەک لیتر غاز 500 دینارە و هەرکەسێک گرانفرۆشى بکات سزا دەدرێت.
عومەر عەبدوڵا، سەرۆكی لیژنەی دابەشكردنی غاز لە سلێمانی بە كەناڵ8ـی ڕاگەیاند، دابەشکردنى غازی ئێڵ پی جی بەسەر بەنزینخانەکانى شارى سلێمانى بەردەوامە و پرۆسەى دابەشکردنەکەش خێراتر دەکەن، بۆ ئەوەى هیچ کێشەیەک بۆ غاز دروست نەبێت.
یەک لیتر غاز لە ئێستادا لە بەنزینخانەکانى شارى سلێمانى بە 500 دینارە.
هەرکەسێک گرانفرۆشى بکات، ڕووبەڕووى سزاى یاسایى دەکەنەوە، بە پێبژاردنى یەک ملیۆن دینار.
هیچ کێشەیەک بۆ دابەشکردنى غازى ماڵان دروست نەبووە.
نرخى یەک بتڵی ماڵان 8500 دینارە و گرفت بۆ دابەشبوونى دروست نەبووە.
ئەوەش لەکاتێکدایە لە دوای هێرشەکەی سەر کۆرمۆر و ڕاوەستانی بەرهەمهێنانی غاز لە کێڵگەکە بەشێک لە هاوڵاتیان ڕوویان لە بەنزینخانەکان کرد بۆ کڕینی غاز و ئەوەش قەرباڵغییەکی زۆری دروستکرد و بەرپرسانی شارەکانیش دڵنیایی دەدەن کە بڕی گونجاوی غاز لە کۆگاکاندا هەیە.
