
دوای 18 مانگ دابڕان لە ئەرکی راهێنەری، جارێکی دیکە ئەرسەلان جەلال لە رێگەی وەرگرتنی پۆستی راهێنەریی یانەی سەیدسادقەوە گەڕایەوە.
یانەی سەیدسادق کە لە خولی نایابی کوردستان بەشدارە، دوای ئەنجامە خراپەکانی، ئەرسەلان جەلالی تەمەن 45 ساڵی تاوەکو کۆتایی ئەم وەرزە وەکو راهێنەری نوێی یانەکە دەستنیشانکرد.
ئەرسەلان جەلال دوای وەرگرتنی پۆستی راهێنەریی سەیدسادق، بە کەناڵ8ی راگەیاند: "لەسەر داوای سەرۆکی یانەکە رازیبووم بۆ ئەم 15 یارییەی ئەم وەرزە بەرپرسیارییەتی راهێنەری یانەی سەیدسادق وەربگرم. تەنیا داوایان لێکردووم هەوڵی مانەوەی سەیدسادق بدەم لە خولی نایابی کوردستان".
یانەی سەیدسادق بە دۆخێکی خراپی دارایی و ئەنجامدا تێدەپەرێت، یانەکە بە پلەی 16یەمی ریزبەندی خولی نایاب دێت و ماوەی 110 رۆژە یاریزانەکان مووچەیان وەرنەگرتووە.
کەناڵ8 زانیویەتی کێشەی دارایی و دابینکردنی شایستە داراییەکانی یانەکە لەلایەن جێگری سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستانەوە چارەسەر دەکرێت و لە رۆژانی داهاتوو، یاریزانانی نوێنەرەکەی شارەزوور، بەشێک لە شایستە داراییەکانیان وەردەگرن.
ئەرسەلان جەلال بە کەناڵ8ی گوت: "لەگەڵ یانەی سەیدسادق بەو مەرجە بە وەرگرتنی ئەو پۆستە رازیبووم، کە هیچ کەسێک بۆی نییە دەستوەردان لە کاروبارە هونەرییەکانم بکات، ئەگەر هەر دەستوەردانێک لە کارەنمان رووبدات، راستەخۆ دەستلەکاردەکێشمەوە، چونکە پێویستیم بە سەربەخۆیی بڕیاڕدان و کارکردن هەیە".
یەکێکی دیکە لە مەرجەکانی راهینەرە نوێیەکەی سەیدسادق ئەوەبوو، مەحموود محەممەد، وەکو یاریدەدەری راهێنەر لەگەڵیدا کاربکات، کە پێشتر راهێنەری یانەی چەمچەماڵیش بوو، مەحموود محەممەد یاریدەدەری ئەرسەلان بوو.
یانەی سەیدسادق مانگانە بڕی 2 ملیۆن و 200 هەزار وەکو مووچە بە ئەرسەلان جەلال دەدات. هەردوولا لەسەر ئەوەرێککەوتوون، ئەگەر یانەکە لە خولی نایابی کوردستان مایەوە، سالی داهاتووش ئەرسەلان لەگەل یانە سوورپۆشەکە بەردەوام دەبێت.
ئەرسەلان جەلال لە ساڵی 2008 دەستی دەستی بە کاری راهێنەریی کردووە، سەرەتا راهێنەری تیپی لاوانی پێشمەرگەی سلێمانی بووە، پاشان پۆستی راهێنەریی یانەکانی، نەورۆز، هەڵەبجە، دەربەندیخان و چەمچەماڵ بووە، بەڵام دوای دروستبوونی ناکۆکی لەگەڵ یانەی چەمچەماڵ و ناڕازیبوون لە دۆخی یانەکە 18 مانگ لەمەوبەر دەستی لە ئەرکی راهێنەریی ئەو یانەیە کشاندەوە.





