
پێپ گواردیۆلای راهێنەری یانەی مانچێستەر سیتی دەڵێت: ئێرلینگ هالاند هێشتا بەهۆی پێکانەوە ناتوانێت بەشداری یارییەکانی تیپەکەی بکات، بەڵام کیڤن دیبرۆین دەتوانێت بەرامبەر نیوکاسڵ بەشداری بکات.
شەوی شەممە، لە پرێمەرلیگی ئینگلیزی و لە یاریگەی سانت جەیمس پارک، مان سیتی رووبەڕووی نیوکاسڵ دەبێتەوە، راهێنەرەکەی مان سیتی روونیکردەوە لە گەشتەکەیان بۆ شاری نیوکاسڵ، ئیرلینگ هالاندیان لەگەڵ نییە.
ئێرلینگ هالاند، لە سەرەتای کانوونی دوومی 2023 لە پاژنەی پێیدا تووشی پێکان بوو، لە هەشت یاریی رابردووی یانەکەی، بەهۆی پێکانەوە بەشداری نەکردووە، ئەمە لەکاتێکدا ئەگەری یاریکردنی بەرامبەر نیوکاسڵ بەهێز بوو، چونکە لە سێ یەکەی مەشقوڕاهێنانی یانەکەی بەشداری کردبوو، بەڵام جارێکی دیکە گواردیۆلا ئامادەنەبوونی هالاندی راگەیاند.
ئەمڕۆ لە کۆنگرەی رۆژنامەوانی تایبەت بە یاری مان سیتی و نیوکاسڵ، پێپ گواردیۆلا، ناوی ئەو یاریزانانەی ئاشکراکرد کە ناتوانن، بەرامبەر ماکبایس بەشداری بکەن و رایگەیاند: "هەریەکە لە ئێرلینگ هالاند و جۆنس ستۆنز بەهۆی پێکانەوە ناتوانن بەرامبەر نیوکاسڵ بەشداری بکەن، چونکە هێشتا هەردووکیان لە یاریکردن دوورن"، ستۆنزیش لە یاری یانەکەی بەرامبەر ئێڤەرتۆن تووشی پێکان بوو.
گواردیۆلا گوتی: "تەنیا دەمەوێت هەر ئەوەندەتان پێبڵێم هەریەکە لە هالاند و ستۆز ناتوانن لە یارییەکەی سبەی لەگەڵمان بن".
هەواڵە خۆشەکە بۆ هاندەرانی مانچێستەر سیتی، ئەوەبوو کە گواردیۆلا رایگەیاند: "کیڤن دیبرۆین دەتوانێت بەرامبەر نیوکاسڵ بەشێوەی سەرەکی بەشداری بکات"، دوای ئەوەی ئەستێرە تەمەن 32 ساڵییەکە لە پێکانێکی درێژخایەن گەڕاوەتەوە.
دیبرۆین، لە دەستپێکی پرێمەرلیگ، لە یەکەم یاریی مان سیتی بەرامبەر بێرنلی، لە خولەکی 23 بەهۆی پێکانەوە یاریگەی بەجێهێشت، پاشان نەشتەرگەری بۆ ئەنجامدرا و لە 30 یاریی رابردووی یانەکەی بێبەش بوو.
دوای پێکانەکەی ئەستێرە بەلجیکییەکە بۆ یەکەمجار ، دوای 137 رۆژ دابڕان بەرامبەر هادەرسفێڵد تاون لە جامی ئێف ئەی کەپ یاریکرد.





