لە قەرەهەنجیر دوو منداڵ لە دەستى ژمارەیەک ڕفێنەر ڕزگار کران

پووختەى هەواڵ

  • هێزە ئەمنییەکان لە قەرەهەنجیر ڕووبەڕووى چەند تۆمەتبارێک بوونەوە.

  • پاش ڕووبەڕووبونەوەکە تۆمەتبارەکان دەستگیرکران و منداڵەکان ئازاد کران.


بەرەبەیانیی ئەمڕۆ لە شارەدێی قەرەهەنجیر هێزەئەمنیەکان ڕووبەرووی چەند کەسێک بوونەوە، کە دوو منداڵیان ڕفاندبوو، بەوهۆیەوە دەنگی تەقەیەکی زۆر بیسترا و دواتر منداڵەکان ڕزگار کران.


ئاوارە ئەحمەد، بەڕێوەبەری شارەدێی قەرەهەنجیر بۆ کەناڵ8:

  • پاش ئاگادارکردنەوەی هێزە ئەمنییەکانی سنوورەکە، بەسەرپەرشتیی بەڕێوەبەری ناحیە، هەڵمەتێک بۆ دەستگیرکردنی چەند کەسێک کرا کە تۆمەتباربوون بەڕفاندنی دوو منداڵ.

  • لە هەڵمەتەکەدا هێزەکانی پۆلیس و ئاسایش لە شارەدێی قەرەهەنجیر بەشداربوون.

  • ئەو دوو منداڵەشی ڕفێنرابوون خەڵکى پارێزگای کەرکووک بوون.

  • زانیاریی پێشوەختە هەبووە لەسەر تۆمەتبارەکان و لەکاتی گەیشتنیان بە قەرەهەنجیر، ئاشکرابوون.

  • هەوڵیانداوە لە سەنتەری شارەکە خۆیان بشارنەوە و لەدەستی هێزەئەمنییەکان هەڵبێن.

وەک بەڕێوەبەرى شارەدێى قەرەهەنجیر دەڵێت، هەرچەندە ڕووبەڕووبونەوە ڕوویدا، بەڵام سەرئەنجام توانراوە سەرجەم تۆمەتبارەکان دەستگیربکرێن کە ژمارەیان چوار کەس بوو و هیچ زیانێکی گیانی لەڕووداوەکەدا نەبووە و منداڵەکانیش پاش ڕزگارکردنیان ڕادەستی پۆلیسی کەرکووک کراونەتەوە.

Loading related news...