48 ساڵ بەسەر دامەزراندنی پەکەکەدا تێدەپەڕێت

48 ساڵ بەسەر دامەزراندنی پەکەکەدا تێدەپەڕێت

00:00/00:00

پووختەى ڕاپۆرت

  • پەکەکە ساڵ و نیوێکە خۆی هەڵوەشاندووەتەوە.

  • پەکەکە لەپێناو خەباتی سیاسیی دەستبەرداری خەباتی چەکداری بوو.

  • پەکەکە دەیەوێت لە شاخەوە بگەڕێتەوە بۆ شار.

  • پەکەکە ئەم زستانەش لە شاخ دەمێنێتەوە.


48 ساڵ بەسەر مێژووی پەکەکەدا تێدەپەڕێت، ئەو حیزبەی دووەم ساڵە بە هەڵوەشاوەیی یادی خۆی دەکاتەوە. پەکەکە لە چوارچێوەی پڕۆسەی ئاشتیدا، دەیەوێت چەک دابنێت و پاش چوار دەیە لە خەباتی چەکداری، بۆ دەستکردن بە خەباتی سیاسیی ڕوو لە باکووری کوردستان و تورکیا بکاتەوە.


دامەزراندنى پارتى کرێکارانى کوردستان

  • پەکەکە لە 27ـی تشرینی دووەمی 1978 لە گوندی فیسی ئامەد لە باکووری کوردستان دامەزرا.

  • لە 1984 شەڕی چەکداری دژی تورکیا ڕاگەیاند.

  • لە 15ـی ئابی هەمان ساڵ بۆ یەکەم جار هێرشی کردە سەر سوپای تورکیا.

  • لە ساڵی 1990 بە دەستپێشخەری مام جەلال هەوڵی یەکەم پڕۆسەی ئاشتی درا.

  • لەو چوارچێوەیەدا، پەکەکە لە 1993 ئاگربەستی ڕاگەیاند.

  • بەڵام بە مردنی تورگوز ئۆزاڵ، سەرۆککۆماری ئەو کاتەی تورکیا، پڕۆسەکە کۆتاییهات.

  • پەکەکە و تورکیا لە ناوەڕاستی نەوەدەکان و دەیەی یەکەمی دوو هەزار چەند جارێک هەوڵی ئاشتیان دا، بەڵام بێئەنجام بوو.

  • لە 2013 تاوەکو 2015 یەکەمین پڕۆسەی گەورەی ئاشتی لە نێوان پەکەکە و تورکیا بەڕێوەچوو، بەڵام دیسانەوە شکستی هێنا.

  • لە یەکی تشرینی یەکەمی 2024 بە دەستپێشخەری دەوڵەت باخچەلی، سەرۆکی مەهەپە، پڕۆسەی دووەمی ئاشتی دەستیپێکرد کە تاوەکو ئێستا بەردەوامە.

  • لەم پڕۆسەیەدا و لە ناوەڕاستی 2025، پەکەکە بڕیاری خۆهەڵوەشاندنەوە و چەکدانانی دا، ئەوەش بووە خاڵی وەرچەرخان و گۆڕانکارییەکی گەورە.

گۆڕانکارى لە خەباتى پەکەکە

لەو بارەیەوە ئۆجەلان دەڵێت، تەمەنی سیاسیی و خەباتی چەکداریی پەکەکە کۆتاییهاتووە، هەر بۆیە پێویستە شێوازی خەباتەکەی بگۆڕێت و لە زەمینەی سیاسییدا کار بکات.

کشانەوەی پەکەکە لە باکووری کوردستان و تورکیا و چۆڵکردنی ئەشکەوتەکانی مەتیان و زاپ و خواکوڕک، گۆڕانکارییەکی دیکەی گەورە بوو، چونکە یەکەم جارە پەکەکە هەنگاوی لەو جۆە بنێت و دەستبەرداری ئەو ناوچانە ببێت کە لەژێر دەستیدایە.

ئێستا پەکەکە لە قۆناغێکی هەستیار و ئاڵۆزدایە، چونکە سەرەڕای ئەوەی خۆی هەڵوەشاندووەتەوە و چەکی داناوە، بەڵام تورکیا ڕێگە بە سەرکردەکانی نادات بگەڕێنەوە بۆ باکووری کوردستان و تورکیا، ئەوەش پەکەکە دابەش دەکات؛ بەشی زۆریان ڕوو لە تورکیا دەکەنەوە و سەرکردەکانیشیان لە شاخ دەمێننەوە. ئەوەش پەکەکە دەخاتە بەردەم قۆناغێکی قورس.

یاساى پڕۆسەکە

پەکەکە لە کاتێکدا ئەم یادە دەکاتەوە، سەرەڕای ئەوەی چەکی داناوە، بەڵام بەهۆی جیبەجێنەبوونی یاسای پڕۆسەکە، بە چەکەکانی دەستییەوە لە شاخ ماوەتەوە.

مانەوە لە نێوان دوو بەرداش

لەگەڵ ئەوەی بڕیاری خۆهەڵوەشانەوە و چەکدانیان داوە، بەڵام بەرپرسانی پەکەکە دەڵێن، بە شێوەی دیکە بەردەوام دەبن لە خەبات.

بەرپرسانی پەکەکە دەیانەوێت بگەڕێنەوە بۆ باکووری کوردستان و خەباتی سیاسیی بکەن، بەڵام ئاکپارتی و مەهەپە بەهۆی ترسیان لە کاردانەوەی خەڵک و کایەی سیاسیی، نایانەوێت لە ئێستادا بەرپرسانی پەکەکە بگەڕێنەوە بۆ تورکیا. بەتایبەت کە ئاکپارتی و مەهەپە دەیانەوێت هەڵبژاردنی داهاتووش ببنەوە.

لەگەڵ ئەوەشدا باس لە هەندێک هەوڵ دەکرێت بۆ ئەوەی لە ڕێگەی یاسایەکی تایبەتەوە، ڕێگە بە گەڕانەوەی بەرپرسانی پەکەکە بۆ باکووری کوردستان و تورکیا بدات.

ڕۆژی 26ـی تشرینی دووەمی 2026، ئەنجوومەنی ئاسایشی نەتەوەیی تورکیا کۆبووەوە، بەڵام چەکدانانی پەکەکەی پشتڕاست نەکردەوە، بەو جۆرەش ئەندامانی پەکەکە لەم قۆناغەدا ناتوانن بگەڕێنەوە بۆ باکووری کوردستان تورکیا، واتە پەکەکە ئەم زستانەش لە قەندیل دەمێنێتەوە.

زانیاریی زیاتر بۆ تۆ:

قۆناغە گرنگەکانی مێژووی پەکەکە؛
1978/11/27 لە گوندی فیسی ئامەد دامەزرا
1979 ئۆجەلان ڕووی لە سووریا کرد
1980 زۆبەی هێزەکەی گواستەوە بۆ بیقاع
1984 شەڕی چەکداری دژی تورکیا ڕاگەیاند
1984/8/15 یەکەم هێرشی کرد ەسەر تورکیا
1990 لە هرزی مارکسی دوورکەوتەوە
1993/3/20 یەکەم ئاگربەستی ڕاگەیاند
1990 یەکەم پڕۆسەی ئاشتی لەگەڵ تورکیا دەستپێکرد
لەلایەن تورکیاوە 24 ئۆپراسیۆنی گەورەی لەدژ کراوە
1999/2/15 ئۆجەلان لە نەیروبی دەستگیرکرا
2002 ناوی خۆی بۆ کادەک گۆڕی
2003 ناوی خۆی بۆ کۆنگرا گەل گۆڕی
2004 لەلایەن ئەمریکا و ئەورووپا خرایە لیستی تیرۆر
2005 ناوەکەی کرایەوە بە پەکەکە
2013 یەکەمین پڕۆسەی ئاشتی گەورە دەستیپێکرد
2015 یەکەمین پڕۆسەی ئاشتی گەورە کۆتاییهات
2016 شەڕی کۆڵان بە کۆڵان لەگەڵ تورکیا دەستیپێکرد
2016-2024 شەڕی سەختی پەکەکە و تورکیا ڕوویدا
2024/10/1 دووەم پڕۆسەی ئاشتی گەورە دەستیپێکرد
2025/3/1 ئاگربەستی بەرامبەر تورکیا ڕاگەیاند
2025/2/27 ئۆجەلان بانگەوازی چەکدانانی کرد
2025/5/5-7 کۆنگرەی خۆهەڵوەشاندنەوە و چەکدانانی کرد
9/7/2025 یەکەم پەیامی ڤیدیۆیی ئۆجەلان بڵاوکرایەوە
2025/7/11 گرووپێکی پەکەکە چەکەکانیان سووتاند
2025/10/26 پەکەکە لە تورکیا کشایەوە
2026 پەکەکە ئەشکەوتەکانی لە زاپ، مەتینا و خواکوڕکی چۆڵکرد
پەکەکە: 27 هەزار شەهیدمان هەیە
تورکیا: نزیکەی 15 هەزار شەهیدمان هەیە

Loading related news...