
نرخی زێڕ لە بازاڕە جیهانییەکاندا بە ڕێژەی 5% دابەزی و تەواوی قازانجەکانی ئەمساڵی سڕییەوە، ئەمەش دوای ئەوەی داتا ئابوورییەکانی ئەمریکا لە کەرتی کاردا هەموو پێشبینییەکانی تێپەڕاند.
دوای بڵاوبوونەوەی داتاکانی هەلیکار بۆ مانگی ئایار لە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا، نرخی زێڕ بە ڕێژەی 5% دابەزی و نرخی یەک ئۆنسە گەیشتە 4,328 دۆلار. ئەم دابەزینە کتوپڕە وایکرد تەواوی ئەو قازانجانەی زێڕ لە سەرەتای ئەمساڵەوە تۆماری کردبوون لەدەست بچن، چونکە ئاستی ڕەخساندنی هەلیکار زۆر لە سەروو چاوەڕوانییەکان بووە.
ئیلیا حەداد، بەرپرسی ستراتیجی بازاڕی جیهانی لە کۆمپانیای براون برادرز هاریمان ڕایگەیاند، لە ئێستادا زێڕ ڕووبەڕووی دوو ئاڵنگاریی سەرەکی دەبێتەوە کە بریتین لە بەرزبوونەوەی ڕێژەی هەڵاوسان و بەهێزبوونی بەهای دۆلار. لە ئێستادا بازرگانانی ئەمریکا گرەو لەسەر بەرزکردنەوەی ڕێژەی سوودی بانکی دەکەن، ئەمەش تاوەکو کاتی داخستنی بازاڕە داراییەکان نرخی زێڕی زیاتر هێناوەتە خوارەوە.
بێس هاماک، سەرۆکی بانکی یەدەگی فیدراڵی کلیڤلاند، کە وەک بەهێزترین کەس لە سیاسەتی دراودا و ئەندامی دەنگدەری لیژنەی بازاڕی کراوەی فیدراڵ (FOMC) هەژمار دەکرێت، ئاماژەی بەوە کردووە کە بە لەبەرچاوگرتنی هاوسەنگیی بازاڕی کار، ڕەنگە بەم زووانە بەرزکردنەوەی ڕێژەی سوودی بانکی کارێکی گونجاو بێت.
بڕیارە لە ڕۆژانی 16 و 17ـی حوزەیران، ئەندامانی بانکی فیدراڵی ئەمریکا کۆبوونەوەی خولیی خۆیان ئەنجام بدەن. ئەم کۆبوونەوەیە بە سەرۆکایەتی کیڤن وارش، سەرۆکی نوێی بانکی فیدراڵی بەڕێوەدەچێت و تێیدا بڕیار لەسەر ئایندەی سیاسەتی دراوی ئەمریکا و ئاراستەی بازاڕەکان دەدرێت.

.jpg)

.jpg)
