
کارگێڕی زانیاریی وزەی ئەمریکا (EIA) ڕایگەیاند، هەفتەی ڕابردوو ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا بە تێکڕا ڕۆژانە 5.585 ملیۆن بەرمیل نەوتی خاوی لە 9 وڵاتی جیاوازەوە هاوردە کردووە. بەپێی داتاکان، کۆی هاوردەی نەوتی ئەو وڵاتە لە هەفتەی ڕابردوودا بە بڕی 649 هەزار بەرمیل کەمیکردووە بەراورد بە هەفتەی پێشووتر.
عێراق لە ڕیزبەندی چوارەمی ئەو وڵاتانەدایە کە زۆرترین نەوتیان بۆ ئەمریکا ڕەوانە کردووە. لە هەفتەی ڕابردوودا بڕی هەناردەی نەوتی عێراق گەیشتووەتە 251 هەزار بەرمیل لە ڕۆژێکدا. ئەمەش نیشانەی زیادبوونی 42 هەزار بەرمیل نەوتە لە ڕۆژێکدا بەراورد بە هەفتەی پێشووتر کە بڕی هەناردەکردن تێیدا 209 هەزار بەرمیل بووە.
بەپێی ڕاپۆرتەکە، وڵاتی کەنەدا بە ناردنی 4.108 ملیۆن بەرمیل نەوتی ڕۆژانە لە پلەی یەکەمی هەناردەکاران دێت بۆ ئەمریکا. دوای ئەو، وڵاتی کۆڵۆمبیا بە 357 هەزار بەرمیل لە پلەی دووەم و عەرەبستانی سعوودی بە 296 هەزار بەرمیل لە پلەی سێیەمدایە. عێراق و مەکسیکیش بە ناردنی 251 هەزار و 242 هەزار بەرمیل لە پلەکانی چوارەم و پێنجەم جێگیر بوون.
لە ڕیزبەندییەکانی شەشەم تا نۆیەمدا، چەند وڵاتێکی دیکەی ئەمریکای لاتین و ئەفریقا دێن کە نەوتیان بۆ ئەمریکا هەناردە کردووە. وڵاتی ئیکوادۆر بە 102 هەزار بەرمیل، ڤەنزوێلا بە 101 هەزار بەرمیل، بەڕازیل بە 71 هەزار بەرمیل و نەیجیریا بە 39 هەزار بەرمیل نەوتی ڕۆژانە، لە ڕیزبەندی ئەو وڵاتانەدان کە هەفتەی ڕابردوو نەوتیان بە ئەمریکا فرۆشتووە.

