ئامارى کۆبوونەوە و خەرجییەکانى ئەنجوومەنى نوێنەران ئاشکرا کرا؛ هەر دانیشتنێک چەند دەکەوێت؟

پووختەى هەواڵەکە

  • ئەنجوومەنى نوێنەرانى عێراق 51 کۆبوونەوەى کردووە.

  • هۆکارى لاوازى و پاشەکشەى ڕۆڵى پەرلەمان دەگەڕێتەوە بۆ ناکۆکى نێوان هێزە سیاسییەکان.


ڕوانگەى نوێنەرایەتیی عێراق، کە تایبەتە بە چاودێریکردنى کارەکانى ئەنجوومەنى نوێنەرانى عێراق، ژمارەیەک داتاى لەبارەى کارەکانى ئەنجوومەنى نوێنەران لەم خولە و خولەکانى ڕابردوو بڵاوکردووەتەوە و ئاماژەى بەوەکردووە، خولى شەشەمى ئەنجوومەنى نوێنەرانى عێراق، یەکەم دانیشتنى لە 29ـى کانوونى یەکەمى 2025 و دوایین دانیشتنى لە 26ـى تشرینى یەکەمى 2026 بووە، لەو ماوەیەدا خوێندنەوە و گفتوگۆى بۆ 69 پێشنیاز و پڕۆژەیاسا کردووە و سێ پڕۆژەیاساى پەسەندکردووە.


ڕۆڵى یاسادانان و چالاک بوونى لەم خولەدا:

  • لاوازى یاسادانان لەم خولەى پەرلەمان، جیاواز نییە لە خولەکانى ڕابردوو.

  • ئەنجوومەنى نوێنەران لە خولى 2010 بۆ 2014 تەنیا 216 یاساى پەسەندکردووە.

  • لە خولى 2014 بۆ 2018 دابەزیوە بۆ 165 یاسا.

  • لە خولى چوارەمیش لە 2018 بۆ 2022 ژمارەى یاسا پەسەندکراوەکان دابەزیوە بۆ 91 یاسا.

  • لە خولى پێنجەمیش کە ساڵى 2025 کۆتاییهات تەنیا 69 یاسا پەسەندکراون.

لاوازى و پاشەکشەى ڕۆڵى ئەنجوومەنى نوێنەران:

  • پەرلەمانتاران هۆکارەکەى دەگەڕێننەوە بۆ ناکۆکى نێوان هێزە سیاسییەکان.

  • هەروەها دواکەوتنى پێکهێنانى کابینەى نوێى حکومەت.

  • پەرلەمانتاران: دەبێت ئەنجوومەنى نوێنەران هەفتانە چوار کۆبوونەوە بکات.

  • بەڵام زۆرجار و بەهۆى نەبوونى لێکتێگەیشتن لە نێوان هێزە سیاسییەکان لە بارەى دۆسییە پێشنیازکراوەکان.

  • چەند هەفتەیەک کۆبوونەوەى ئەنجوومەنى نوێنەران ناکرێت.

بە هۆى ناکۆکییە سیاسییەکانەوە:

  • دەیان پڕۆژەیاساى خولەکانى پێشوو، بۆ ئەم خولە ماونەتەوە و چاوەڕێى پەسەندکردن.

  • پڕۆژە یاساکانى حەشدى شەعبى.

  • نەوت و غاز کە بەگوتەى پەرلەمانتاران تێپەڕاندنیان ئاسان نییە.

  • لە کاتێکدا ناکۆکیی هێزەکانى بەشدار لە دەسەڵات بەردەوامە و کاریگەریی هەبووە لەسەر کارەکانى ئەنجوومەنى نوێنەران.

خەرجییەکانى ئەنجوومەنى نوێنەران و بارگرانى بۆسەر دەوڵەت

هاوتەریب لەگەڵ سنوورداریی ئامارى یاسا پەسەندکراوەکان، بەڵام خەرجییەکانى ئەنجوومەنى نوێنەران قورساییەکى زۆرى خستووەتە سەر خەرجییەکانى دەوڵەت.

بە جۆرێک:

  • لە ساڵى 2022 خەرجییەکانى ئەنجوومەنى نوێنەران گەیشتووەتە 544 ملیار دینار.

  • لە ساڵى 2023 نزیکەى 582 ملیار دیناربووە.

  • لە 10 مانگى یەکەمى ساڵى 2024دا خەرجییەکانى ئەنجوومەنى نوێنەران گەیشتووەتە 495 ملیار دینار.

  • بە گوێرەى داتاکانى وەزارەتى دارایی عێراق، کۆى خەرجییەکان لە 34 مانگدا نزیکەى ترلیۆنێک و 621 ملیار دیناربووە.

  • لەو ماوەیەدا 132 کۆبوونەوە کراوە و 58 یاسا پەسەندکراون.

  • هەر دانیشتنێکى ئەنجوومەنى نوێنەران تێچووەکەى 12 ملیار و 300 ملیۆن دینار بووە.

  • تێچووى پەسەندکردنى هەر پڕۆژە یاسایەکیش 28 ملیار دینارە.

  • ئەمە بەراوردکارییەکى ژمێریارییە و مووچەى فەرمانبەران و خەرجییەکانى کارگێڕیی و بەگەڕخستن دەگرێتەوە.

  • تێچووى ڕاستەوخۆى دانیشتنەکان و پەسەندکردنى یاساکان لەخۆناگرێت.

  • تێچووى هەر پەرلەمانتارێک ساڵانە لە نێوان 300 بۆ 360 ملیۆن دینارە.

  • لە خولێکى پەرلەمانى چوارساڵەشدا دەگاتە ملیارێک و 440 ملیۆن دینار.

ئەم خەرجییەش مەزەندەییە و خەرجییەکانى پەیوەست بە ئەندامێتى دەگرێتەوە و وردەکارییە فەرمییەکانى مووچە و دەرماڵەکانیان ناگرێتەوە.

چاوەڕوان دەکرێت لە خولى شەشەمى ئەنجوومەنى نوێنەران، پڕۆژەیاساى بودجەى 2027 و ژمارەیەک پڕۆژەیاساى دیکە دەنگیان لەسەر بدرێت، لەوانەش پڕۆژەیاساکانى حەشدى شەعبى و نەوت و غاز کە ساڵانێکە بە هۆى ناکۆکییەکانەوە هەڵپەسێردراون و تێپەڕاندنیان بەندە بە ڕێککەوتن و لێکتێگەیشتنى هێزە سیاسییەکان.

Loading related news...