مەستوورەی ئەردەڵانی.. خانمی شاعیر و بیرمەندی تاقانەی ڕۆژهەڵاتی ناوین

حەسەن فەلاح4 کاتژمێر پێش ئێستا

ماهـ شەرەف خانم، ناسراو بە مەستوورەی ئەردەڵان، شاعیر، مێژوونووس و خانمە بیرمەندێکی دیاری کوردە، سەر بە بنەماڵەی قادرییەکانی شاری سنە بووە لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان.


مەستوورەی ئەردەڵان، جگە لە ئاستی نێوخۆی کوردستان، لە کۆتاییەکانی سەدەی نۆزدەیەمدا، خانمێکی دەگمەن بووە بە ناوچەکە و تاکە خانمی شاعیر و مێژوونووسی ڕۆژهەڵاتی ناوین بووە.


مەستوورە ساڵی 1804 لە سنە لەدایکبووە، لە سایەی باوکیدا خوێندنی تەواوکردووە و ڕەوانەی کۆڕە ڕۆشنبیرییەکانی کردووە، لە مزگەوتی گەورەی سنە، زمانەکانی: کوردی، عەرەبی و فارسی فێربووە.

لە ئاستی نووسینی شیعردا، دەستێکی باڵای هەبووە، بە زمانەکانی کوردی و فارسی نووسیویەتی، گەرچی زۆرێک لە بەرهەمەکانی لەناوچوون، بەڵام توانراوە دوو هەزار بەیت لە شیعرەکانی ڕزگار بکرێن و لەژێر ناونیشانی "دیوانی ماهـ شەرەف خانمی کوردستانی"، لە ساڵی 1925 چاپکراون.

لە چوارچێوەی نامیلکەیەکیشدا، مەستوورەی ئەردەڵانی، بە ناونیشانی "عەقیدەی مەستوورە"، بیروباوەڕی خۆی نمایشدەکات و بوێریی ئەم خانمە لەم بەرهەمەدا دەردەکەوێت، کە باوەڕە ئایندارییەکانی خۆی تێدا دەرخستووە.

ناوبانگی مەستوورە، پاڵنەر بووە بۆ وەسفکردنی لەلایەن شاعیرانی دیکەی کوردەوە، لەوانە نالی، مەولەوی و ئەحمەد بەگی کۆماسی.

مەستوورەی ئەردەڵان، ساڵی 1848، لە تەمەنی 44 ساڵیدا لە شاری سلێمانی کۆچی دوایی کردووە.

حەسەن فەلاح

Mon Oct 26 2026

Loading related news...