لە بازاڕەکاندا و بەشێوەى ئۆنلاینیش ڕۆژانە کڕین و فرۆشتن بە چەندین دەرمان و خواردنەوەوە دەکرێت.
بەشێک لەو بەرهەمانە تەندروست نین و لە تاقیگەکان دەرناچن.
بەڕێوەبەرایەتیى کۆنترۆڵى دەرمان سێ بەرهەمى قەدەغە کرد، بەڵام لە بازاڕەکاندا چەندین بەرهەمى دیکەى ناتەندروست هەن.
دامەزراوەى کۆنترۆڵى جۆریى دەرمان ڕایگەیاند، بە لەبەرچاوگرتنی سەلامەتیی هاونیشتیمانییان و تەندروستیی گشتی بڕیاریدا بە کشاندنەوەی سێ بەرهەمی تەواوکەری خۆراکی لە بازاڕی دەرمانی هەرێمى کوردستان.
ئەو بڕیارە دوای ئەوە هات ڕاپۆرتی شیکاریی تاقیگەیی بەڕێوەبەرایەتیی دەریخست ئەو بەرهەمانە دەرمانی شاراوەی مەترسیدار و قەدەغەکراویان تێدایە.
پێشتر لەلایەن کارگەی دروستکەر و کۆمپانیای هاوردەکاری ئەو بەرهەمانە لە بەڵگەنامەکان ئاماژە بە بوونی ئەو ماددەیە نەکرابوو.
قاوەی ڕۆما - ROMA Coffee
قاوەی میلانۆ - Milano Coffee
چای جینسینگ - Ginseng tea
ئەم بەرهەمانە بۆ سەرخستن و دابەزاندنی کێشی لەش بانگەشەیان بۆ دەکرێت.
دەرکەوت کە دەرمانێکی مەترسیدار و قەدەغەکراویان بەناوی سیبوتڕامین - Sibutramine بە بڕێکی زۆر تێدایە.
سیبوتڕامین؛ دەرمانێکی قەدەغەکراوە چونکە مەترسی لەسەر دڵ و کۆئەندامی سوڕانی بەکارهێنەر درووستدەکات، ئەو دەرمانە لە ساڵی 2010ەوە لە بازاڕی دەرمانی سەرجەم وڵاتان کشێندراوەتەوە.
ڕادارى هەشت، بەرنامەیەکى بنکوڵکارى کەناڵ8ـ لە ماوەى ڕابردوودا ئیشى لەسەر چەند جۆرێکى دەرمان کرد، یەکێک لەو ماددانەى کە ئەمڕۆ قەدەغەکراوە، قاوەى میلانۆیە، لە ڕادارى هەشت براوەتە تاقیگە و ناتەندروستبوونى سەلمێنراوە.
