جەمال کۆچەر: ناکۆکییەکانى هەرێمى کوردستان و عێراق لەسەر بودجە بەردەوامن

دیاریکردنی نرخی نەوت لە پڕۆژەیاسای بودجەی 2027 تاوتوێ دەکرێت
دیاریکردنی نرخی نەوت لە پڕۆژەیاسای بودجەی 2027 تاوتوێ دەکرێت

پووختەی هەواڵەکە

  • جەمال کۆچەر ڕایگەیاند، هەرێمى کوردستان و عێراق لەسەر پرسى بودجە نەگەیشتوونەتە ڕێککەوتن.

  • لە ئەگەرى درێژەکێشانى ناکۆکییەکانیش لەوانەیە بودجە بەبێ ڕەزامەندیى کورد تێپەڕێت.


جەمال کۆچەر ئەندامى ئەنجوومەنى نوێنەرانى عێراق لە لێدوانێکدا بۆ کەناڵ8، ئاماژەى بەوەکرد، پێویستبوو ئەمڕۆ پڕۆژەیاساى بودجەى 2027 بچێتە ئەنجوومەنى وەزیران، بەڵام بەهۆى ناکۆکییەکان لەگەڵ هەرێمى کوردستان و داواکاریی چەند پارێزگایەکى عێراق، دواخراوە بۆ کاتێکى نادیار.


کێشەکانی بودجە

  • نزیکەى سێ مانگە گفتوگۆ لە نێوان شاندە تەکنیکی و باڵاکانى هەرێمى کوردستان لەگەڵ وەزارەتى دارایی عێراق درێژەیان هەیە.

  • بەگوتەى جەمال کۆچبەر، بەرەپێشچوون لە دانوستانەکاندا نییە و ناکۆکییەکانى هەرێمى کوردستان و عێراق لەسەر بودجە هاوشێوەى مانگێک لەمەوبەرە و گۆڕانکاریی بەسەردا نەهاتووە.

  • لە ئەگەرى درێژەکێشانى ناکۆکییەکانیش بەدوور نازانرێت بەبێ ڕەزامەندیی کورد، پڕۆژەیاساى بودجە لە ئەنجوومەنى نوێنەران تێپەڕێنرێت و پەسەندبکرێت.

  • ئەو پەرلەمانتارە کوردە، بەدوورى زانى پەسەندکردنى پڕۆژە یاساى بودجە بکەوێتە ساڵى داهاتوو.

ناکۆکییەکانی نێوان هەولێر و بەغدا

ناکۆکییەکان لەسەر ڕەشنووسی پڕۆژەیاسای بودجەی گشتیی عێراق بۆ ساڵی 2027 قووڵبوونەتەوە، کە بووەتە هۆی دواخستنی پەسەندکردن و ناردنی پڕۆژەکە لە ئەنجومەنی وەزیرانەوە بۆ پەرلەمان. خاڵی سەرەکیی ناکۆکییەکان بریتییە لە ڕێژەی پشکی هەرێمی کوردستان؛ لە کاتێکدا حکومەتی فیدراڵی ڕێژەی 12.67% یان 12.7%ـی دیاریکردووە (کە دەکاتە زیاتر لە 12.8 ترلیۆن دینار)، هەرێمی کوردستان ئەو ڕێژەیە ڕەتدەکاتەوە و داوا دەکات بە پشتبەستن بە ئەنجامەکانی سەرژمێریی دانیشتووان، پشکەکەی بۆ 14% بەرزبکرێتەوە.

هاوکات، بەغدا حەوت مەرجی توندی بۆ ناردنی شایستە داراییەکانی هەرێم لە پڕۆژەیاساکەدا جێگیرکردووە، کە دیارترینیان بریتین لە ڕادەستکردنی 400 هەزار بەرمیل نەوتی ڕۆژانە، ڕادەستکردنی گازی زیادە و داهاتە نانەوتییەکان، لەگەڵ پاکتاوکردنی قەرز و شایستە داراییەکانی نێوان هەردوولا لە ساڵانی 2004 تاوەکو 2026. سەرباری ئەمەش، بەرپرسان و نوێنەرانی کورد نیگەرانن لە دانانی کۆتوبەند لەسەر گرێبەستە نەوتییەکانی هەرێم لەگەڵ کۆمپانیا بیانییەکان، ئەمەش وایکردووە شاندەکانی هەرێم و بەغدا بۆ گەیشتن بە ڕێککەوتنێکی هاوسەنگ لە گفتوگۆکانیان بەردەوام بن.

زانیاریی زیاتر بۆ تۆ

سێشەممە ئەنجوومەنی وەزیران ڕەشنووسى بودجە تاوتوێ دەکات

Loading related news...