
مەسروور بارزانی: پاراستنی قەوارەی هەرێمی کوردستان و ئاوەدانکردنەوەی ئەرکێکی نیشتمانیی هەمووانە.
مەسروور بارزانی: لە هیچ سڵ ناکەینەوە بۆ پاراستنی قەوارەی هەرێمی کوردستان و ڕێگری لە دابەشبوون .
بڕیارە ئەمڕۆ یەکشەممە لە بەردەرکى سەرای سلێمانى، کەمپینی کۆکردنەوەی واژۆ بۆ بەهەرێمکردنى پارێزگاى سلێمانى دەست پێبکات.
سەرۆکی حکومەتی کاربەڕێکەری پارتی ڕایگەیاند، پاراستنی قەوارەی هەرێمی کوردستان و ئاوەدان کردنەوەی هەریمی کوردستان ئەرکێکی نیشتمانی هەمووانە بۆ بەختەوەرکردنی ژیانی خەڵک و یارمەتیدانییان ، لە سلێمانیش کەمپینی بەهەرێمکردن دەستپێدەکات.
لەهیچ سڵ ناکەنەوە بۆ بە پارێزراویی مانەوەی قەوارەی هەرێمی کوردستان و ڕێگری لە دابەشبوونی قەوارەکەی.
بە هەموو هەوڵ و توانایەکمانەوە ڕووبەڕووی هەموو هەڵمەتێک دەبنەوە بۆ دابەشکردنی قەوارەی هەرێمی کوردستان یان لاوازکردنی.
پێشتر کەمکردنەوەی سنوور و ڕووبەری کوردستان و گۆڕینی دیموگرافی وەک سیاسەتێک لە دژی هەرێمی کوردستان بەکارهێنراوە.
ئێستاش بە هەرجۆرێک بێت ڕێگەنادەین هەرێمی کوردستان لاواز بکرێت یان هەوڵبدرێت وڵاتەکە زیاتر دابەشبکرێت.
هەربۆیە داوام لە خەڵکی کوردستان ئەوەیە ڕووبەڕووی ئەو هەڵمەتانە ببنەوە.
بەردەوام دەبین لەپێشکەشکردنی خزمەتگوزاریی زیاتر بۆ گەیاندنی خزمەتگوزاری بۆ هاونیشتمانییان.
قسەکانی مەسوور بارزانی لە کاتێکدایە ، بڕیارە ئەمڕۆ ژمارەیەک ڕێکخراوی مەدەنی دەستبکەن بە کۆکردنەوەی واژۆ بۆ ڕاگەیاندنی هەرێمی سلێمانی .
چەقبەستوویی سیاسیی دوو ساڵە، لە دوای هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان لە تشرینی یەکەمی 2024، کە پارتی و یەکێتی نەیانتوانی لەسەر پێکهێنانی کابینەی دەیەمی حکومەت و دابەشکردنی پۆستە باڵاکان ڕێکبکەون، ئەمەش بۆ ماوەی دوو ساڵ پەرلەمانی پەکخست.
لە ڕۆژی چوارشەممە 4ی تشرینی دووەمی 2026، پەرلەمانی کوردستان بە ئامادەبوونی 52 پەرلەمانتار کۆبووەوە بۆ هەڵبژاردنی دەستەی سەرۆکایەتیی پەرلەمان. لەو دانیشتنەدا کاندیدی پارتی بە سەرۆکی پەرلەمان هەڵبژێردرا، سەرەڕای بایکۆتی فەرمیی یەکێتی، نەوەی نوێ، یەکگرتوو، کۆمەڵ و ڕەوتی هەڵوێست.
ڕۆژێک دوای دانیشتنەکەی پەرلەمان، بافڵ جەلال تاڵەبانی سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانی کوردستان کشانەوەی حیزبەکەی لە حکومەتی هەرێمی کوردستان ڕاگەیاند و دەرەنجامی کۆبوونەوەکەی پەرلەمانی ڕەتکردەوە.
یەکێتی و جووڵانەوەی نەوەی نوێ پێکەوە سکاڵایان لە دادگای باڵای فیدراڵیی عێراق تۆمار کرد بۆ هەڵوەشاندنەوەی دانیشتنەکەی پەرلەمان. هاوکات باس لە ڕاگرتنی هەندێک بڕیاری سەرۆکی حکومەت لە سنووری سلێمانی و ئەگەری پێکهێنانی ئیدارە یان حکومەتێکی جیاواز هاتە ئاراوە.
بڕیارە ئەمڕۆ یەکشەممە 15ـى تشرینى دووەم، کاتژمێر 10ـى سەرلەبەیانى لە بەردەرکى سەراو باخى گشتیی لە سلێمانى، کەمپینی کۆکردنەوەی واژۆ بۆ بەهەرێمکردنى پارێزگاى سلێمانى دەست پێبکات.
واژۆکۆکردنەوەکە لە ئیدارەى سەربەخۆى ڕاپەڕین و گەرمیان و شارۆچکە جیاوازەکان لەلایەن بەشێک لە چالاکوانانى ڕێکخراوەکانى کۆمەڵگاى مەدەنى بەڕێوە دەچێت.
بێخاڵ سابیر پێنجوێنى، چالاکوان بە کەناڵ8ـى ڕاگەیاند، ،کەمپینێک ڕادەگەیەنین و مێزەکانمان لە بەردەرکى سەراو لەبەردەم باخى گشتیی دادەنێن لە کاتژمێر 10ـى پێشنیوەڕۆى ڕۆژى یەکشەممە بۆ ڕاگەیاندنى هەرێمێکى سەربەخۆ بۆ پارێزگاى سلێمانى".
بێخاڵ سابیر ڕاشیگەیاند" ئەم کەمپینە دوورە لە شارچێتى و حیزبایەتى.
هاونیشتمانیان دەتوانن لەرێگەى واژۆکردنەوە ڕاى خۆیان دەرببڕن.
هەر کەسێک واژۆى بکات لەگەڵ بوونى هەرێمێکى سەربەخۆیە بۆ پارێزگاى سلێمانى.
خەڵکی سلێمانی و چین و توێژەکان، بەتایبەت مامۆستایان و چالاکوانان، نیگەرانیی خۆیان دەربڕیوە بەرامبەر بەوەی ململانێ حیزبییەکان دوو ساڵە ژیان و گوزەرانی خەڵک و مووچە و سێکتەرە خزمەتگوزارییەکانیان پەکخستووە، و داوا دەکەن بەرژەوەندیی گشتی بخرێتە پێش ململانێی حیزبی.
