دادگەیەکی ئیتاڵیا بێتاوانی مارادۆنای لە خۆدزینەوە لە باج راگەیاند

وێنەیەکی دیێگۆ مارادۆنا لەسەر یەکێک لە دیوارەکانی شاری ناپۆلی کێشراوە. فۆتۆ: AP
وێنەیەکی دیێگۆ مارادۆنا لەسەر یەکێک لە دیوارەکانی شاری ناپۆلی کێشراوە. فۆتۆ: AP

دادگەی رۆما، کۆتایی مشتومڕی 30 ساڵەی تۆمەتبارکردنی مارادۆنا بە خۆدزینەوە لە پێدانی باج راگەیاند و کۆتایی بە شەڕی یاسایی نێوان هێرشبەری پێشووی ناپۆلی و دەسەڵاتی باج هێنا، پارێزەرەکەشی داوا دەکات میراتگرانی مارادۆنا داوای قەرەبوو بکەنەوە، تاوەکو ئەو قەرەبووە مادییە لە یادکردنەوەی کۆچی مارادۆنا بەکاربهێنن

مارادۆنا لەنێوان ساڵانی 1985 تاوەکو 1990، تۆمەتبارکرا، بە بەکارهێنانی کۆمپانیاکانی بەوەکالەت لە لیختنشتاین، بۆ ئەوەی باج نەدات لەکاتی وەرگرتنی پارە لە بەرامبەر مافی بڵاوکردنەوەی وێنەکانی.

ئەنجیلۆ پیسانی کە پارێزەری دۆسییەکەی مارادۆنایە بە ئاژانسی رۆیتەرزی راگەیاند: "دۆسییەی تۆمەتبارکردنی مارادۆنا، بە خۆزینەوەی لە باج داخرا و هەموو بەڵگەکانمان خستەڕوو، کە دەیسەلمێنن، بەهیچ شێوەیەک مارادۆنا خۆی لە پێدانی باج نەدزیوەتەوە و هیچ کارێکی نایاسایی ئەنجامنەداوە".

هەروەها پیسانی گوتی: "بڕیاری کۆتایی دادگە دادپەروەری بوو بەرامبەر هاندەران و بەها باڵاکانی وەرزشەکە، لە سەروو هەمووشیانەوە، دادپەروەرییە بۆ رابردووی مارادۆنا، کە تۆمەتی ناڕەوای پێنەدانی باجی خرابووەپاڵ و تۆمەتی جۆراوجۆری ئاراستە دەکرا

پارێزەکەرەکەی مارادۆنا دەشڵیت: "ئێستا میراتگرانی مارادۆنا، لە رووی یاساییەوە مافی ئەوەیان هەیە، داوای قەرەبوو بکەنەوە، بەهیوام ئەو قەرەبووەی وەریدەگرن بۆ یادکردنەوەی کۆچی مارادۆنا بەکاریبهێنن".

دادگەی کاساسیۆنی رۆما بڕیارێکی هەڵوەشاندەوە کە لە ناوەڕاستی مانگی کانوونی دوەمی ساڵی 2018 دەرچوو بوو، مارادۆنای تۆمەتبار دەکرد بەوەی خۆی لە پێدانی باج دزیوەتەوە".

لێکۆڵینەوەکان لە تۆمەتبارکردنی مارادۆنا بەپێنەدانی باج، لە سەرەتای ساڵانی نەوەدەکانەوە دەستی پێکرد، کە لەئەنجامدا دەستبەسەر 40 ملیۆن دۆلار و کەلوپەلەکانی یاریزانەکەدا گیرا، کاتێک بەمەبەستی سەردانی کردن، چووە وڵاتی ئیتاڵیا.

دیێگۆ مارادۆنای ئەفسانەی تۆپی پێی لە مانگی نۆڤەمبەری 2020 بە جەڵتەی دڵ کۆچی دواییکرد.

Loading related news...