
کارگێڕی زانیاریی وزەی ئەمریکا هاوردەی نەوتی هەفتانەی وڵاتەکەی ئاشکرا کرد و عێراق لە ڕیزبەندی سێیەمی گەورە هەناردەکارانی نەوت بووە.
بەگوێرەی ڕاپۆرتی زانیاری وزەی ئەمریکا، تێکڕای هاوردەی نەوتی ڕۆژانە لە هەفتەی ڕابردوودا 5 ملیۆن و 643 هەزار بەرمیل نەوت بووە و لە ڕێگەی نۆ وڵاتەوە هاوردە کراوە و بەراورد بە هەفتەی پێشووتر 735 هەزار بەرمیل نەوتی ڕۆژانە زیادیکردووە.
زانیاری وزەی ئەمریکا ئاشکرای کردووە" هەناردەی نەوتی عێراق بۆ ئەمریکا 325 هەزار بەرمیل نەوتی ڕۆژانە بووە و بەم جۆرەش بەراورد بەهەفتەی پێشووتر بڕی 242 هەزار بەرمیل نەوتی ڕۆژانە زیادیکردووە کە 83 هەزار بەرمیل نەوتی ڕۆژانە بووە و بەمشێوەیەش عێراق پلەی سێیەمی گرتووە لە ڕیزبەندی گەورە هەناردەکارانی نەوت بۆ ئەمریکا.
لەبارەى وڵاتانی هەناردەکاری نەوت بۆ ئەمریکا، کارگێڕی زانیاری وزەی ئەمریکا دەڵێت هەفتەی ڕابردوو کەنەدا ڕیزبەندی یەکەمی گرتووە بە بڕی 3 ملیۆن و 731 هەزار بەرمیل نەوتی ڕۆژانە و پاشان سعودیە بە بڕی 437 هەزار بەرمیل ڕیزبەندی دووەمی گرتووە و دواتر عێراق لە ڕیزبەندی سێیەمدا هاتووە 325 هەزار بەرمیل نەوتی ڕۆژانە، دواتر مەکیسک هاتووە بە بڕی 311 هەزار بەرمیل نەوتی ڕۆژانە و پلەی چوارەمی گرتووە و پاشان بەڕازیل ڕیزبەندی پێنجەمی گرتووە بە 241 هەزار بەرمیل نەوتی ڕۆژانە.
هەر بە گوێرەی ڕاپۆرتەکە نەیجیریا ڕۆژانە 213 هەزار بەرمیل نەوتی هەناردەی ئەمریکا کردووە و پاشان ڤەنزوێلا 175 هەزار بەرمیل و لیبیا 108 هەزار بەرمیل و لە کۆتایشدا کۆڵۆمبیا 75 هەزار بەرمیل نەوتی ڕۆژانەی هەناردەی ئەو وڵاتە کردووە.
ئەمریکا بەڕێژەیەکی بەرچاو رۆژانە نەوتی خاو و بەرهەمەکانی هاوردە دەکات و ڕۆژانە 20 ملیۆن بەرمیل نەوت بەکاردەهێنێت بۆ پڕکردنەوەی پێداویستی ناوخۆ و بەم جۆرەش بە گەورەترین بەکاربەری نەوت لە جیهاندا دادەنرێت
5,643,000 بەرمیل نەوت
3,731,000 بەرمیل - کەنەدا
437,000 بەرمیل - سعودیە
325,000 بەرمیل - عێراق
311,000 بەرمیل - مەکسیک
241,000 بەرمیل - بەڕازیل
213,000 بەرمیل - نەیجیریا
175,000 بەرمیل - ڤەنزوێلا
108,000 بەرمیل - لیبیا
75,000 بەرمیل - کۆڵۆمبیا

