لە هەژارترین ویلایەتی هیندستان نزیکەی نیو ملیۆن کەس ئامادەی ئاهەنگێکی هاوسەرگیری بوون.
پێشبینی دەکرێت لە وەرزی هاوسەرگیریدا لە هیندستان 5.2 ملیۆن ئاهەنگ سازبکرێت.
وەرزی ئاهەنگەکانی هاوسەرگیری لە هیندستان دەستیپێکردووە و لە ڕووداوێکی سەرسوڕهێنەردا، نزیکەی نیو ملیۆن میوان لە ئاهەنگێکی هاوسەرگیریی شاهانە بە بۆنەی هاوسەرگیریی کچی پەرلەمانتارێکی هیندی، لە هەژارترین ویلایەتی ئەو وڵاتە ئامادەبوون.
ئەنەنت سینگ، پەرلەمانتاری ویلایەتی بیهار کە بە هەژارترین ویلایەتی هیندستان دادەنرێت.
ڕۆژی چوارشەممە ئاهەنگی هاوسەرگیریی کچەکەی شیڤانگی سینگ و ریشیکێش کوماری، خوێندکاری ماستەر لە ئەمریکا ڕێکخست.
لەم ئاهەنگەدا کە لە ماڵی خێزانەکەیان لە گوندی ناداوا بەڕێوەچوو.
نزیکەی 400 هەزار میوان لەسەر ڕووبەری شەش دۆنم زەوی پێشوازییان لێکرا.
کە ژمارەیەکی سەرسوڕهێنەرە تەنانەت بە پێوەری ئاهەنگە گەورە و بەناوبانگەکانی هیندستانیش.
لەم ئاهەنگەدا 500 هەزار پارچە شیرینیی نەریتی پێشکەش بە میوانەکان کراوە.
هەروەها باس لەوە دەکرێت هەزار کیلۆگرام گۆشتی بەرخ بۆ ئامادەکردنی کەباب و خواردنە جۆراوجۆرەکان بەکارهێنراوە.
کە هەموو ئەمانە لەلایەن 500 چێشتلێنەرەوە ئامادەکراون.
جگە لەوەش، شەش شوێنی کاتیی نیشتنەوەی هێلیکۆپتەر بۆ پێشوازیکردن لە کەسایەتییە باڵاکانی سەرتاسەری هیندستان دروست کرابوون.
زاوا بە پۆشاکێکی نەریتییەوە، لەناو کاروانێکی 151 ئۆتۆمبێلدا گەیشتە شوێنی ئاهەنگەکە.
یەکێک لە دیارییەکانیش کە پێشکەشی زاوا کرا، ئۆتۆمبێلێکی جۆری لاند ڕۆڤەر دیفێندەر بوو.
بە هۆی زۆریی ئۆتۆمبێلەکانەوە ڕێگاکانی گەیشتن بە شوێنی ئاهەنگەکە بە تەواوی گیرابوون.
ڕۆژنامەی "تایمز ئۆف ئیندیا" ئاماژەی بەوە کردووە کە یەکێک لە میوانەکان بۆ دەربازبوون لە قەرەباڵغییەکە، سواری تراکتۆرێک بووە و بەناو کێڵگەکانی دەوروبەردا خۆی گەیاندووەتە ئاهەنگەکە.
هاوکات شوێنەکە بە گوڵی هاوردەکراوی چینی ڕازێنرابووەوە و نمایشی یارییە ئاگرینەکانیش ئەنجام درا.
لەبری هێنانی دی جەی بۆ کات بەسەربردن، سینگ پێشبڕکێیەکی ئەسپسواریی ڕێکخستبوو.
ژمارەیەکی زۆر لە خەڵکی دەرەوەی ئاهەنگەکە بۆ بینینی پێشبڕکێکە سەرکەوتبوونە سەر دارەکان و تاوەرەکانی کارەبا.
بەڵام بەهۆی دروستبوونی قەرەباڵغی و پشێوییەکی زۆرەوە.
لە دوا ساتەکاندا پێشبڕکێکە هەڵوەشێنرایەوە.
لە کاتێکدا ئۆتۆمبێلێک وەک خەڵات بۆ براوەی پێشبڕکێکە ئامادە کرابوو.
ئەنەنت سینگ کەسایەتییەکی جێی مشتومڕە لە هیندستان، پێنج جار بە ئەندامی ئەنجوومەنی ویلایەتەکە هەڵبژێردراوە و 28 دۆسیەی یاسایی لەسەرە کە تۆمەتی جۆراوجۆر لەخۆدەگرن، کە سینگ سەرجەم ئەو تۆمەتانە ڕەتدەکاتەوە.
لە چاوپێکەوتنێکی تەلەفزیۆنیدا پێش ئاهەنگەکە، سینگ ئەوەی ڕەت کردەوە کە ئامادەکارییەکانی ئەم ئاهەنگە شتێکی نائاسایی بن و گوتی: "بۆ کچە گەورەکەشم هەمان شتم کردووە."
وەرزی هاوسەرگیری لە هیندستان تازە دەستی پێکردووە و پێشبینی دەکرێت لە ئێستاوە تاوەکو 15ـی کانوونی یەکەم، نزیکەی 5.2 ملیۆن ئاهەنگی هاوسەرگیری لە سەرتاسەری ئەو وڵاتەدا بەڕێوەبچن.
