
ئاسایشى هەولێر دەستگیرکردنى شۆفێرى پاسێکى گواستنەوەى خوێندکارانى ڕاگەیاند.
ئاسایشی هەولێر: ئەو شۆفێرە کاری نەشیاوی بەرامبەر خوێندکارێک ئەنجامداوە.
شۆفێرەکە چەند جوڵەیەکى ناجۆرى لەگەڵ خوێندکارێکى کچدا کردووە.
بەڕێوەبەرایەتیی ئاسایشی هەولێر لە ڕاگەیێنراوێکدا دەڵێت، دوای ئەوەی لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان تۆمارێکى ڤیدیۆیی بڵاوبوەتەوە، دەردەکەوێت شۆفێری ئۆتۆمبێلێکی گواستنەوەی خوێندکاران بە شێوەیەکی نەشیاو مامەڵە لەگەڵ خوێندکارێکی کچدا دەکات و چەند جووڵەیەکی نەشیاو ئەنجام دەدات، هێزەکانیان دەستیان بە بەدواداچوون کردووە.
ئەو شۆفێرە بە بڕیاری دادوەریی لێکۆڵینەوەی ئاسایشی هەولێر، دەستگیرکراوە.
ئاسایشی هەولێر: لێکۆڵینەوە لەگەڵ ئەو تۆمەتبارە بەردەوامە.
ئاسایشى هەولێر داوا لەو خێزانانە دەکات سکاڵایان لێی هەیە سەردانیان بکەن بە مەبەستی گرتنەبەری ڕێکاری یاسایی.
ئەوە لە کاتێکدایە، لە مانگى ئەیلوولى ڕابردوو، وەزارەتى گواستنەوە و گەیاندنى هەرێمى کوردستان، بڕیاریدا سیستمی جی پی ئێس (GPS) و کامێرای چاودێری لە ناو پاسەکانی گواستنەوەی خوێندکاران لە هەرێمی کوردستان جێگیربکرێت، ئەم پڕۆژەیە سەرەتا لە پارێزگای سلێمانی وەک قۆناغی یەکەم دەستی پێکرد.




