
پەرلەمانتارێکى نەوەى نوێ بۆ پارتى: ئێمە خاوەنى 15 کورسی پەرلەمانین.
چاوەڕێى ئەوە لە نەوەى نوێ مەکەن بێین پەرلەمان کارا بکەینەوە.
ناکرێت دەستەى سەرۆکایەتى بۆ پارتێک بێت و ئێمە تەنیا بڵێین "سمعنا وأطعنا".
بە گوێرەى ڕاگەیێنراوێک کە گەیشتووە بە کەناڵ8، گۆران دیبەگەیی، پەرلەمانتارى فراکسیۆنى نەوەى نوێ لە پەرلەمانى کوردستان، وەڵامى پارتى دیموکراتى کوردستان دەداتەوە و دەڵێت، ئێمە وەک فراکسیۆنی نەوەی نوێ، خاوەنی 15 کورسیی پەرلەمانین و بە هیچ شێوەیەک چاوەڕوانی ئەوە مەبن بێین پەرلەمان کارابکەینەوە لە کاتێکدا دەستەی سەرۆکایەتی بۆ پارتێک بێت و ئێمەش تەنیا بڵێین (سمعنا وأطعنا)، دڵنیابن ئەوە بە هیچ جۆرێک قبووڵکراو نییە و خەڵکیش لێمان قبوڵ ناکەن.
ئێمە هیچ پۆستێکمان لە حکومەت و لە پەرلەمانیش ناوێت.
وەک سەرۆکی فراکسیۆنەکەمان ئەمڕۆ ڕایگەیاند:
با پارتی گەر لە خەمی کوردستانە دەستبەرداری دەستەی سەرۆکایەتی ببێت.
تاوەکو ڕۆژی یەکشەممە پەرلەمان کارا بکەینەوە و دەستەی سەرۆکایەتی دەست بەکار بێت.
خەیاڵی ئەوە مەکەن پەرلەمان کار بکەین و دەستەی سەرۆکایەتی بۆ لایەنێکی دیاریکراو بێ.
ئێوارەى ڕۆژى پێنجشەممە، کوردەوان جەمال، سەرۆکى فراکسیۆنى نەوەى نوێ لە پەرلەمانى کوردستان، پەیامێکى ئاڕاستەى پارتى دیموکراتى کوردستان کرد و ڕایگەیاند، ئەگەر پارتی راست دەکات و لە خەمی کوردستاندایە، ئەوا با دەستبەرداری پۆستەکانی پەرلەمان بێت.
دواتر لەلایەن مەرد عەلى خاڵە، پەرلەمانتارى فراکسیۆنى پارتى دیموکراتى کوردستان لە پەرلەمان، وەڵامى لێدوانەکەى سەرۆکى فراکسیۆنى نەوەى نوێیى دایەوە بۆ کاراکردنەوەى پەرلەمان و ڕایگەیاند، سەرۆکى تەمەن لاى فراکسیۆنى نەوەى نوێیە دەبێت ئەوان ئامادەکارى بکەن بۆ دانیشتنى پەرلەمان.
هاوکات هەر ڕۆژى پێنجشەممە، قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆکى ئەنجوومەنى وەزیرانى کاربەڕێکەر، لە لێدوانێکى ڕۆژنامەوانیدا کە پەیامنێرى کەناڵ8 ئامادەیى بوو، گوتى "دواکەوتنى پرۆسەى پێکهێنانى حکومەت خەریکە دەبێتە پەڵەیەکى ڕەش".
پەرلەمانتارێکى پارتى وەڵامى نەوەى نوێ دەداتەوە
نەوەی نوێ داوا لە پارتی دەکات دەستبەرداری پۆستەکانی پەرلەمان بێت




