
داواکەى جوڵانەوەى نەوەى نوێ وەک خۆیان دەڵێن لەپێناو کاراکردنەوەى پەرلەمانە.
نەوەى نوێ: ناکرێت حکومەت و دەسەڵات و پەرلەمان بەدەست هەمان حیزبەوە بێت.
بە گوێرەى زانیارییەک گەیشتووە بە کەناڵ8، کوردەوان جەمال، سەرۆکی فراکسیۆنی نەوەی نوێ لە پەرلەمانی کوردستان ئاماژەى بەوەکردووە، ئەگەر پارتی راست دەکات و لە خەمی کوردستاندایە، ئەوا با دەستبەرداری پۆستەکانی پەرلەمان بێت.
ئامادەن پەرلەمان چالاک بکەنەوە.
بە مەرجێک دەستەی سەرۆکایەتیی پەرلەمان بە دەست ئۆپۆزسیۆنەوە بێت.
نابێت بەدەست پارتى دیموکراتى کوردستانەوە بێت.
ناکرێت حکومەت و دەسەڵات و پەرلەمانیش بە دەست هەمان حیزبەکانی پێکهێنەری حکومەتەوە بن.
دوو ساڵ بەسەر هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستاندا تێپەڕیووە، لە ماوەی ئەو دوو ساڵەدا پەرلەمان تەنیا یەکجار کۆبووەتەوە و هەموو هەوڵەکانی کاراکردنەوەی، تاوەکو ئێستا بێئەنجام بووە.
لە لایەکى دیکەوە و هەر لەو چوارچێوەیە شەوى ڕابردوو، وەزارەتى دەرەوەى ئەمریکا وەڵامى کەناڵ8ـى دایەوە، لە بارەى دوو ساڵ تێپەڕبوون بەسەر هەڵبژاردنى پەرلەمانى کوردستان و پێکنەهێنانى کابینەى 10ـى حکومەتى هەرێمى کوردستان، تیایدا ئاماژەى بەوەکردبوو، ئەوان بەردەوام دەبن لە گفتوگۆى تایبەت و دیپلۆماسییانە لەگەڵ هاوبەشەکانیان لە هەرێمى کوردستان.
ئەمڕۆ پێنجشەممەش، قوباد تاڵەبانى، جێگرى سەرۆکى ئەنجوومەنى وەزیرانى کاربەڕێکەرى هەرێمى کوردستان، لە میانى سەردانى بۆ ئیدارەى ڕاپەڕین، بە ڕۆژنامەوانانى ڕاگەیاند، خەریکە پێکنەهێنانى کابینەى نوێى حکومەتى هەرێمى کوردستان دەبێت بە پەڵەیەکى ڕەش بە ناوچەوانى هەرێمى کوردستانەوە.
قوباد تاڵەبانی: پێکنەهێنانی حکومەت خەریکە دەبێتە پەڵەیەکی ڕەش



