پڕۆژەکە بە گوژمەى زیاتر لە 15 ملیار دینار جێبەجێ دەکرێت.
تاوەکو ئێستا بە بەهاى هەشت ملیار دینار کارى بۆ ئەنجامدراوە.
دوایین وادە بۆ تەواوبوونى سێ مانگى دیکەیە.
سێ مانگی دیکە، ڕێگەی کونەماسی - قەڵادزێ، ئەو خەونە دەهێنێتەدی کە هاونیشتمانیانی سلێمانی بۆ بەستنەوەیان بە ئیدارەی ڕاپەڕینەوە هەیانبوو. زیاتر لە ساڵێکە ئامێرەکان بە درێژیی 22 کیلۆمەتر لە کونەماسییەوە بەرەو قەڵادزێ، سەرقاڵی بڕین و ڕێکخستنەوەی ئەو پێچ و بەرزاییانەن کە هاتوچۆیان بۆ هاونیشتمانییان ئەستەم کردبوو.
سەرەڕای گرفتی پارەی نەختینە بۆ کۆمپانیای جیبەجێکار.
تاوەکو ئێستا بە بەهای هەشت ملیار و 600 ملیۆن دینار کاریان ئەنجامداوە.
لە کاتێکدا تەنیا 820 ملیۆن دیناریان پێدراوە.
بۆ بەردەوامبوونی کارەکانیان مانگانە پێویستیان بە نزیکەی یەک ملیار دینار هەیە.
لە پڕۆژەکەدا نزیکەی 50 قەنتەرە و ئاوبارە هەن کە زیاتر لە 10 یان تەواو بوون.
هاوکات کارەکانی بڕین بە ڕێژەی لە 80% و کۆی گشتیی پڕۆژەکەش بە ڕێژەی لە 54% تەواو بووە.
بڕیارە سەرەتای مانگی داهاتوو کارگەیەکی شکاندنی بەرد بگاتە شوێنی کارەکە.
لە ماوەی سێ مانگی داهاتوودا دەست بە قیرتاوکردنی ڕێگاکە بکرێت.
بە تەواوبوونی ئەم پڕۆژەیە، ماوەی ڕێگاکە لە 160 کیلۆمەترەوە بۆ تەنیا 90 کیلۆمەتر کەمدەبێتەوە.
پڕۆژەی ڕێگەی کونەماسی – قەڵادزێ لەسەر فەرمانی قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆکی ئەنجوومەنی وەزیران دەستی پێکردەوە، کە گوژمەی تەرخانکراو بۆ پرۆژەکە 15 ملیار و 846 ملیۆن و 160 هەزار دینارە و ماوەی جێبەجێکردنیشی 500 ڕۆژە.
ڕێگاکە زیاتر لە 10 گوند پێکەوە دەبەستێتەوە و بە تەواو کردنی لە رۆی بازرگانیشەوە گرنگێکی زۆری هەیە بەوپێیەی ڕێگای سێ دەروازەی لەسەرە کە ئەوانیش دەروازەکانی کێلێ و قەندۆڵ و گەناون.