
قوباد تاڵەبانى: پێویستمان بەوەیە گۆمەکە بشڵەقێنین.
قوباد تاڵەبانى: کشانەوە لە حکومەتى کاربەڕێکەر جیاوازە لە دوو هەرێمى.
قوباد تاڵەبانى، ڕوونکردنەوەى تەواوى لە بارەى دۆخى ئێستاى هەرێمى کوردستان و پلانى حیزبەکەى بۆ داهاتوو ئاشکراکرد و ڕایگەیاند، کشانەوە لە حکومەتى کاربەڕێکەر، کە بە ئامێر کاردەکات، جیاوازە لە دوو ئیدارە و دوو هەرێمى و جەخت لە خۆڕێکخستنەوە لە ناوخۆ دەکاتەوە و دەڵێت" تاکەى ئەمریکا یان هەر لایەنێکى دیکە ڕێکمان بخات؟ پێویستمان بە ڕێکخستنى ئیدارەیە، لە پێناو یەکڕیزى درۆ ناتوانین بەردەوام بین، پێویستە گۆمەکە بشڵەقێنین.
قوباد تاڵەبانى پرسى، ئایا ڕۆژێک بەر لە کۆبوونەوەى پەرلەمان، هەرێمى کوردستان یەک ئیدارەبووە؟ لەیەک ئیدارە بازگە هەیە لەناوجەرگەى ئیدارەکە؟ هەرێمى کوردستان دوو ئیدارە بووە، ویستومانە قەناعەت بەخۆمان بکەین کە یەک ئیدارەیە، پێویستە چوارچێوەیەک بۆ حکومڕانى دابنێین، چونکە هەولێر تاپۆى باوکى کەس نییە، هەولێر هى هەولێرییەکانە، وەک چۆن سلێمانى هى سلێمانییەکان و دهۆکیش هى دهۆکییەکانە، کوردستانیش هى کوردستانییانە.
قوباد تاڵەبانى جەختدەکاتەوە، هەرێمى کوردستان لەتناکەن باسى مۆدێلێکى حکومڕانى دەکەن بتوانێت جیاوازییەکان کۆبکاتەوە، دەڵێت، کەس باسى لەتکردنى کوردستان ناکات و من خۆم لە سەرۆکى حکومەت بە کوردستانى تر دەزانم، ئەمە واتاى ئەوەنییە ئەو خراپە و من باشم، بەڵکو هەر کەسەمان مافى خۆمانە.
قوباد تاڵەبانى دەشڵێت" ئەگەر حیزبێک لە شوێنێک دەسەڵاتداربوو ئەمە واتاى ئەوە نییە ئەو شوێنە هى خۆیەتى، دەتوانێت بە ئارەزووى خۆى بەکاریبهێنێت، باسى کێشەکان لەگەڵ بەغداد دەکات، دەڵێت ئەوەى لە بەغداد داواى دەکەین لێرە خراپتر دەکەین، چونکە گەورەترین ململانێمان لەگەڵ بەغداد لەسەر شۆڕکردنەوەى دەسەڵاتە بەڵام لێرە دەسەڵاتێکى ناوەندیی توندمان هەیە و پارێزگا و ئیدارە سەربەخۆکان دەناڵێنن بەدەىست کۆکردنەوەى دەسەڵات لە دەستى چەند کەسێک لە حکومەت.
قوباد تاڵەبانى جەخت دەکاتەوە، ناتوانن بە حوکمێکى توند ئەم هەرێمە ببەین بەڕێوە، پێویستە ئەو دەسەڵاتە بدرێتە دەست یەکە کارگێڕییەکان، ئەمە بۆ پارێزگاو ئیدارە سەربەخۆکانى هەولێر و دهۆکیش ڕاستە و یەکە کارگێڕییەکان خۆیان دەزانن پێداویستییەکانیان چییە؟
قوباد تاڵەبانى، دەڵێت" زۆر ئاساییە دوو حیزبین بۆچوونى جیاوازمان هەبێت و ئاساییە ئەو ناکۆکییانەمان هەبێت، بەڵام ئەوە مایەى نیگەرانییە ئەوەیە، نەتوانراوە چوارچێوەیەک بۆ ناکۆکییەکان دابنرێت، ئێمە ناچینە ئەو پەرلەمانەى بەم شێوە نایاساییە سەپێندراوە، سەرۆکى یەکێتى بە کوردییەکى پەتى ئەم بابەتەى باسکردووە، بەڵام حیزبەکەیان دەرگاى گفتوگۆى دانەخستووە و بۆچوونیان وایە، دەتوانن چوارچێوەیەک بۆ کارکردن بدۆنەوە و دەڵێت" کۆبوونەوەیەکى گرنگ لەبەرنامەبوو، خوانى نیوەڕۆ لە ماڵى ئێمە ئامادەکراوە ئامادەبووین بۆ کۆبوونەوە، بەڵام کۆبوونەوەکە تێکدرا.
لە بارەى ئەو کارەى ژمارەیەک پەرلەمانتار و فراکسیۆنى پارتى بەدەر لە بڕیارى حیزبەکانیان بەشداریى کۆبوونەوەى پەرلەمانیان کرد، قوباد تاڵەبانى گوتى، ئەوەى کە کراوە لە پەرلەمان گەورەترین مەترسى و هەڕەشەیە لەسەر سیستمى پەرلەمانى و بۆ داهاتوو متمانە بە پەرلەمان و دەنگدەر کەمدەکاتەوە، ئەمە گەورەترین هەڕەشە و بێڕێزییە لەسەر خودى پەرلەمان.
دەشڵێت، حکومەتى هەرێمى کوردستان دوو ساڵە کاربەڕێکەرە و بەهۆى جیهازێکەوە زیندوو ماوەتەوە، کاتى ئەوەهاتووە ئامێرەکە بکوژێنرێتەوە و حکومەتێکى نوێ دروست ببێت، بڕیارى ئەنجوومەنى سەرکردایەتى ڕوونە و سەرەتا لە حکومەت کشاونەتەوە ئەگەر ئەوان توندى بکەن و هەنگاوى دیکە بنێن، یەکێتیش هەنگاوى دیکە دەنێت.
قوباد تاڵەبانى لەسەر خراپى شێوازى حکومڕانى نموونەیەک دەهێنێتەوە و دەڵێت" لە کابینەى هەشت، سەرۆکى پارتى دیموکراتى کوردستان لە من زویر بووە، کاریگەرى لەسەر بەڕێوەچوونى کارەکانى حکومەت دروستکردووە، دەشڵێت" ئەمجۆرە یاریکردنە بە حکومڕانى، هەڵەیە نابێت ناکۆکى بگاتە ئەوەى کارى وەزیر و بەڕێوەبرى گشتى و دامەزراندن و پلە بەرزکردنەوە و دەرکردنى مەرسووم ڕابگیرێت، ئێستا لەم سەروبەندى کاربەڕێکەرییە پێویستە میکانیزمێک بدۆزرێتەوە، بۆ داهاتوو هەر گرفتێک ڕووبدات کاریگەرى لەسەر بەڕێوەچوونى کارەکانى حکومەت نەبێت.
قوباد تاڵەبانى: پێویستە کێشەکان لەسەر بنەمای دامەزراوەیی چارەسەر بکرێن