
یانەی لیڤەرپووڵی پێشەنگی پرێمەرلیگ، دەچێتە باکووری لەندەن و رووبەڕووی ئارسیناڵ دەبێتەوە کە یانە لەندەنییەکە 14 جار ناسناوی ئێف ئەی کەپیان بەدەستهێناوە.
ئێستا لیڤەرپووڵ لە پرێمەرلیگ پێشەنگی ریزبەندی گرتووە، هەروەها سەرکەوتنی بۆ قۆناغی شازدەی یۆرۆپالیگ مسۆگەر کردووە، هەربۆیە دەیەوێت لە سەرجەم پاڵەوانییەتییەکان کێبڕکێ بکات، کاتێک لە قۆناغی سێیەمی ئێف ئەی کەپ، رووبەڕووی ئارسیناڵ دەبێتەوە.
یۆرگن کڵۆپ راهێنەری یانەی لیڤەرپووڵ، لە کۆنگرەی رۆژنامەوانی پێش یاریی یانەکەی بەرامبەر گانەرز، دانی بەوەدانا، دەیەوێت تاوەکو ئەو شوێنەی تیپەکەی دەتوانێت کێبڕکێ بکات، هەنگاو بۆ پێشەوە بنێت و بەجددی هەوڵ بۆ بەدەستهێنانی ئەم جامە بدەن.
راهێنەری یانەی ریدز هێمای بۆ ئەوە کرد: "دەزانم پێدانی ئەو بەڵێنە زۆرانە، ساڵنامەیەکی ماندووکەر بۆ تیپەکەمان دروست دەکات، ئەو ساڵەی توانیمان بگەین بە سێ یاریی کۆتایی بۆ ئێمە سەخت و ماندوووکەر بوو، بەڵام نایشارمەوە، چێژێکی زۆرمان لە وەرزەکەمان وەرگرت".
هەروەها کڵۆپ گوتیشی: "یاریزانەکانمان چەند یارییەکی نایاب و ئاستبەرزیان لەم جامە پێشکەش کردووە، دوو رووبەڕووبوونەوەی کۆتاییمان لەگەڵ چیڵسی، دوو لە باشترین یەکسانبوونەکان بووە کە لە ژیانمدا بینیومە، بۆیە دەمانەوێت هەموو هەوڵێکی خۆمان بدەین، بۆ ئەوەی جارێکی دیکە بگەین بە فایناڵی وێمبڵی، یاریکردن لە یاریگەی وێمبڵیی نائاساییە".
یەکێک لە رۆژامەڤانان لە کڵۆپی پرسی، ئەگەر دەرکردنی تیپەکەت لە پاڵەوانییەتییەک، هەنگاوێک نییە بۆ ئەوەی گوشارتان لەسەر دروست نەکات لە وەڵامدا راهێنەرە ئەڵمانییەکە گوتی: "ناتوانم بەمشێوەیە بیربکەمەوە، بابێت بیر لە جێهێشتنی کێبڕکێیەک بکەینەوە، تەنیا لەبەر ئەوەی گوشاری لیستی یارییە زۆرەکانی وەرزەکە کەمبکەینەوە، ئەوە بیرکردنەوەیەکی هەڵەیە، لە هەرکات و قۆناغێکدا کێشەیەک دروست بێت، دەبێت لە کاتی خۆیدا چارەسەر بکرێت".





