دیەگۆ ریڤێرا.. شێوەکاری کۆمەڵگە و دیواربەندە مەکسیکییەکان

دیەگۆ ریڤێرا، یەکێکە لە دیارترین هونەرمەندە شێوەکارەکانی مەکسیک و جیهان، خاوەنی یەکێک لە درێژترین ناوە هونەرییەکانە و لە قۆناغی ڕەوتی مورالیستییدا بە ڕابەر و مامۆستای گەورە ناوبراوە.

دیەگۆ ریڤێرا، خاوەنی ناوێکی دوور و درێژە، ناوە تەواوەتییەکەی بریتییە لە، "دیەگۆ ماریا دە لا کۆنسێپسیۆن خوان نێپۆموچینۆ ئیستانیسلاو دو لا ریڤێرای بارینتۆس ئاکۆستا رۆدریگێز"، ڕێکەوتی هەشتی کانوونی یەکەمی 1886 لە مەکسیک لەدایکبووە.

لە ئاستی ڕەوتی مورالیستدا، کە ڕەوتێکی هونەریی دیار و ناسراوی هونەر و وێنەی سەر دیوارە، بە مامۆستا و ڕابەر ناسێنراوە؛ کاریگەر بووە بە ڕووداوە سیاسییەکان، وەکو ئەندامێکی حیزبی کۆمیۆنیستیی مەکسیک، دەستبەکار بووە و لە سایەی لیۆن ترۆتسکییدا بەشداریی یادی 10 ساڵەی شۆڕشی ڕووسیای کردووە.

کارە هونەرییەکانی ریڤێرا، بەدیاریکراوییش وێنە دیوارییەکانی، بە شێوازی فرێسکۆ ئەنجامدراون و لە شوێنە گشتییەکاندا جێگیر کراون، جەماوەر و خەڵک خۆیان لە ناوەڕۆکی کارەکانیدا بینیوەتەوە و مەبەست و داواکارییە سیاسیی و کۆمەڵایەتییەکانیان تێدا پەسەند کردووە.

دیەگۆ ریڤێرا، هاوسەری خانمە شێوەکاری ناسراوی مەکسیک و جیهان، فریدا کاهلو بووە، پێکەوە کاریگەرییەکی گەورەیان لەسەر نووسینەوەی مێژووی هونەریی وڵاتی مەکسیک دروستکردووە.

ریڤێرا لەماوەی ژیانی هونەریی خۆیدا، 145 کاری هونەریی ئەنجامداوە، کە زۆرینەیان خاوەنی ناوەڕۆکی ڕاستەقینەن و وێنەدانەوەی نەریت، کولتوور و کەلەپووری مەکسیکن.

دیەگۆ ریڤێرا، ڕێکەوتی 24ی تشرینی دووەمی 1957 لە تەمەنی 70 ساڵییدا کۆچی دوایی کردووە.

حەسەن فەلاح

Tue Nov 24 2026

Loading related news...