
کریستیان هۆرنەر، بەڕێوەبەری پێشووی تیمی ڕێد بووڵ لە پێشبڕکێکانی فۆرمولا 1 ڕایگەیاند، کە تۆتۆ وۆڵف، سەرۆکی تیمی مێرسیدس، لە ئێستادا لە بارودۆخێکی زۆر ئاسان و ئارامدا دەژی.
هۆرنەر ئاماژەی بەوە کرد کە وۆڵف لە شوێنێکی زۆر ئاسوودەیە، لە کاتێکدا زاک بڕاون، سەرۆکی مەکلارێن، بەهۆی بەکارهێنانی بزوێنەری مێرسیدسەوە ناتوانێت ڕووبەڕووی ببێتەوە یان بێزاری بکات.
هۆرنەر جەختی کردەوە کە هەر وەرزشێک پێویستی بە ڕکابەریی توند هەیە، هاوشێوەی ڕکابەرییەکانی سێر ئەلێکس فێرگسۆن و ئارسین ڤینگەر، یان مۆرینیۆ و گواردیۆلا، چونکە جۆش و خرۆش دروست دەکات.
لە لایەکی دیکەوە، هۆرنەر ئاشکرای کرد لە سەردەمی کارکردنیدا تووشی نەخۆشیی دەروونیی "پانێک ئەتاک" بووە و لە سەرەتادا پێی وابووە بەهۆی خواردنەوەی زۆری قاوەوە بووە.
هۆرنەر ڕوونی کردەوە کە پشکنینە پزیشکییەکان دەریانخستووە گرفتەکە پەیوەندی بە دڵەڕاوکێوە هەبووە وەک ئاماژەیەک لە جەستەیەوە کە فشاری زۆری خستووەتە سەر خۆی، بەڵام لە ئێستادا فێربووە چۆن کۆنترۆڵی نیشانەکان و هەناسەدانی بکات.





