
زانیارییەک گەیشتووەتە کەناڵ8 کە ئاماژە بە جیاوازییەکی گەورە لە نێوان مافەکانی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان و عێراق دەکات لە پرسی وەرگرتنی مۆڵەتی درێژخایەندا. لە کاتێکدا بەغداد بە یاسا و بە نیوەی مووچە مۆڵەت دەدات، لە هەرێمی کوردستان تەنیا وەک مۆڵەتی بێ مووچە و بۆ ماوەیەکی کەمتر مامەڵەی لەگەڵ دەکرێت و بۆ خزمەتی خانەنشینیش هەژمار ناکرێت.
پێدانی مۆڵەتی بێ مووچە لە هەرێمی کوردستان تەنیا بە بڕیاری ئەنجوومەنی وەزیران ڕێکخراوە و نەبووەتە یاسا. ماوەی مۆڵەتەکە تەنیا بۆ 2 ساڵە و هیچ بڕە پارەیەک یان مووچەیەک لەو ماوەیەدا نادرێتە فەرمانبەر. جیاواز لە بەغداد، ئەم ماوەیە وەک خزمەت بۆ خانەنشینی هەژمار ناکرێت و ڕێنماییەکان فەرمانبەرانی گرێبەست ناگرێتەوە.
لە بەغداد فەرمانبەر دەتوانێت دوای تەواوبوونی نیوەی ماوەی مۆڵەتەکەی، داوای هەڵوەشاندنەوەی بکات و بگەڕێتەوە سەر کارەکەی، هەروەها بژاردەی مۆڵەتی بێ مووچە بۆ ماوەی شەش مانگیش بوونی هەیە. بەڵام لە هەرێمی کوردستان پڕۆسەکە تەنیا لە چوارچێوەی مۆڵەتی بێ مووچەی 2 ساڵیدا کورتکراوەتەوە و فەرمانبەر سەرجەم شایستە داراییەکانی و مافی هەژمارکردنی خزمەتەکەی لەدەست دەدات.
ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان: مۆڵەتی بێ مووچە تەنیا بۆ دووساڵە





