تاتۆکردن مەترسیی تووشبوون بە جۆرێکی کوشندەی شێرپەنجەی پێست زیاددەکات

گران جاف28/11/2025
تاتۆ چەندین کاریگەریی لاوەکیی زیانبەخشی هەیە
تاتۆ چەندین کاریگەریی لاوەکیی زیانبەخشی هەیە

ئەگەر لەڕووی تەندروستییەوە باسی تاتۆکردن بکرێت، لەوانەیە تەنیا باسی مەترسیی گواستنەوەی نەخۆشی بکرێت، ئەویش لەکاتێکدا کە ئەو دەرزییەی بۆ تاتۆکردنەوە بەکاردێت پاک نەبێت، بەڵام ئایا کاریگەرییەکانی تاتۆ خۆی چییە لەسەر تەندروستی؟

توێژینەوەکە بە چی رێگەیەک کراوە؟

لەم سەردەمەدا تاتۆکردن زۆر باوە، بە جۆرێک لە وڵاتێکی وەکو سوید، لە سێ کەسی پێگەیشتوو، یەکێکیان تاتۆی کردووە.

لەگەڵ ئەوەشدا، زانایان کاریگەرییەکانی تاتۆکردنیان لا ڕوون نییە، هەروەها شێرپەنجەی پێست کاتێکی زۆری دەوێت تاوەکو دروستدەبێت و گەشەدەسێنێت، هەربۆیە قورس بوو لە کاریگەرییەکان بکۆڵرێتەوە.

بەڵام لەم توێژینەوەیەی وڵاتی سویددا، زانیاریی ئەو کەسانەی کە لە ساڵانی 2014-2017 تووشی شێرپەنجەی میلانۆما یان سکوەیمەس سێڵ کارسینۆما بوون و تەمەنیان لە نێوان 20-60 ساڵەوە بوو هێنران و لێکدانەوەیان بۆ کرا.

بە گشتی لەو ساڵانەدا لە وڵاتەکە، 2880 کەس تووسی میلانۆما بوون و 2821 کەسیش تووشی سکوەیمەس سێڵ کارسینۆما بوون.

پاشان پرسیاریان لەم کەسانە کرد کە ئایا لەو کاتەی تووشبوون تاتۆیان کردبوو یان نا.

بە گشتی لە توێژینەوەکەی شێرپەنجەی میلانۆمادا، 1598 کەسی تووشبوو، هەروەها لە توێژینەوەکەی سکوەیمەس سێڵ کارسینۆمادا 1600 کەسی تووشبوو بەشداربوون.

ئەنجامەکانی توێژینەوەکە چییان دەرخستووە؟

لە ئەنجامی توێژینەوەکەدا دەرکەوتووە، ئەو کەسانەی تاتۆیان کردووە، مەترسیی تووشبوونیان بە شێرپەنجەی میلانۆما کە جۆرێکی مەترسیداری شێرپەنجەی پێستە، بە ڕێژەی %29 زیاددەکات.

هاوکات، ئەوەش دەرکەوت کە تاتۆکردن مەترسیی تووشبوون بە جۆرێکی دیکەی شێرپەنجەی پێست (squamous cell carcinoma)، زیاد ناکات، لەکاتێکدا هەردوو جۆرەکەی شێرپەنجەی پێست هۆکارێکی هاوبەشیان هەیە، ئەویش تیشکی سەروو بنەوشەییە.

بەڵام ئەم جیاوازییە دەکرێت بەهۆی ئەوەوە بێت، کە هەر یەکێک لەم جۆرە جیاوازانەی شێرپەنجەی پێست لە جۆرێکی جیاوازی خانەوە سەر هەڵدەدەن.

گران جاف

Fri Nov 28 2025

Loading related news...