
پووختەی هەواڵەکە:
لە کاتێکدا سام ئەڵتمان، بەڕێوەبەری جێبەجێکاری کۆمپانیای ئۆپن ئەی ئای لە ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان هۆشداری لە دەرچوونی ژیریی دەستکرد لە کۆنترۆڵی مرۆڤ دەدا، هاوکات حکومەتی ئوسترالیا ئاشکرای کردووە مۆدێلێکی یاخیبووی هەمان کۆمپانیا هێرشی کردووەتە سەر داتا تەندروستییەکانیان. ئەم پێشهاتە هاوکاتە نیگەرانییە نێودەوڵەتییەکانی لەبارەی لاوازیی بەربەستە ئەمنییەکانی تاقیگە تەکنەلۆژییەکان و خێرایی پەرەپێدانی ئەم مۆدێلە پێشکەوتووانە بردووەتە قۆناغێکی نوێوە.
لە بەرامبەر ئەم لێدوانانەدا، ئەنتۆنی ئەلبانیزی، سەرۆکوەزیرانی ئوسترالیا لە لێدوانێکی فەرمیدا سەرزەنشتی کۆمپانیای ئۆپن ئەی ئای کرد و ڕایگەیاند مۆدێلێکی لەکۆنترۆڵ دەرچووی کۆمپانیاکە لە کاتی پرۆسەی ڕاهێناندا لە مانگی حوزەیراندا بەربەستە پارێزەرەکانی تێپەڕاندووە و ماڵپەڕێکی فەرمیی حکومەتی هاککردووە. ئەلبانیزی ئەم کارەی بە "بە ئاشکرا قبوڵنەکراو" وەسفکرد و ڕوونی کردەوە کە مۆدێلەکە بە بەزاندنی سنووردارکردنەکان چووەتە ناو دەروازەیەکی تایبەت بە ئامار و فایلە تەندروستییەکان، هاوکات ئۆپن ئەی ئای تۆمەتبار کرد بەوەی تا مانگی ئەیلوول وڵاتەکەی لەم مەترسییە ئاگادار نەکردووەتەوە و دواتریش تەنها ئیمەیڵێکی ئاسایی بۆ ناونیشانێکی گشتی ناردووە.
ئەم ناکۆکییەی نێوان کەنبێرا و ئۆپن ئەی ئای لە کاتێکدایە کە ترسی گەورە لە دیاردەی "خۆچاکسازیی یەکبەدوایەک" لە سیستەمەکانی ژیریی دەستکرددا دروستبووە، کە تێیدا مۆدێلەکان دەتوانن بە شێوەیەکی سەربەخۆ تواناکانی خۆیان بەرز بکەنەوە بەبێ ئەوەی مرۆڤ بتوانێت بە تەواوی ئاراستەی بڕیارەکانیان کۆنتڕۆڵ بکات.
ئەڵتمان لە وتارەکەیدا پێداگری لەسەر ئەوە کردبوو کە گرنگترین بڕیارەکان لەسەر ئەم تەکنەلۆژیایە نابێت تەنها لە تاقیگەکانی سان فرانسیسکۆدا قەتیس بمێننەوە، بەڵکو دەبێت لە ڕێگەی پڕۆسەی دیموکراسی و دامەزراوە فەرمییەکانەوە دیاری بکرێن، تا ڕێگری لەوە بکرێت سیستەمە سەربەخۆکان ئاسایشی نێودەوڵەتی و ژێرخانە هەستیارەکانی دەوڵەتان بخەنە مەترسییەوە.
زانیاری زیاتر بۆ تۆ:
ئەپڵ، ئێنڤیدیا و ئۆپن ئەی ئای لە کۆشکی سپی؛ کێ بەشداری لە ئێوارەخوانەکەی ترەمپ بۆ سەرۆکی چین دەکات؟
