
شەوی حەوت لەسەر هەشتی ئەم مانگە هێرش کرایە سەر کێڵگەی کۆرمۆر.
لەو ڕۆژەوە دانەغاز کارکردنی لە کێڵگەی کۆرمۆر ڕاگرتووە و بەو هۆیەوە بەرهەمهێنانی غاز ڕاگیراوە.
دانەغاز داوای گرەنتیی تەواو دەکات بۆ دووبارەنەبوونەوەی هێرشەکانی سەر کۆرمۆر.
بەگوێرەی ئەو زانیارییانەی کەناڵ8 لە سەرچاوەیەکی باڵاوە دەستی کەوتووە، سبەی هیچ کۆبوونەوەیەک لەنێوان وەزارەتی سامانە سروشتییەکان و کۆمپانیای دانەغازدا ناکرێت، کۆمپانیای دانەغاز بۆ دەستپێکردنەوەی بەرهەمهێنان دوو مەرجی سەرەکیی هەیە.
کۆمپانیای دانەغاز داوای لە هەردوو حکومەتی هەرێمی کوردستان و فیدراڵ کردووە کە ئەمجارە دەبێت گرەنتیی %100 بدەن.
ڕێگری بکەن لە دووبارە هێرشکردنەوە بۆ سەر کێڵگەکە و گیانی کارمەندان تەواو پارێزراو بێت.
گرەنتیکردنی پێدانی شایستە داراییەکان کە ئەمەیان دەبێت حکومەتی کاربەڕێکەری پارتی بیدات و بڕەکەی مانگانە لەنێوان 40 بۆ 50 ملیۆن دۆلاردایە.
کەناڵ8 زانیویەتی لە ئەگەری جێبەجێکردنی مەرجەکانی دانەغاز و دەستپێکردنەوەی بەرهەمهێنان، کێڵگەکە تەنیا %50 بۆ %60 بەرهەمهێنانی دەبێت بەراورد بە پێش هێرشەکەی ئەم دواییە، چونکە کێڵگەکە کاتێکی زۆری پێویستە تاوەکو بگەڕێتەوە بۆ دۆخی پێش هێرشەکە.
کەناڵ8 لە سەرچاوەیەکی باڵاوە زانیویەتی، کۆمپانیای دانەغاز بە فەرمی بە حکومەتی کاربەڕێکەری پارتی و حکومەتی فیدراڵی گوتووە: "گرەنتیی دووبارەنەبوونەوەی ئەو جۆرە هێرشانە تەنیا بە دانانی سیستمی بەرگریی ئاسمانی دەبێت و پێویستە بە زووترین کات ئەو سیستمە بۆ کێڵگەکە دابین بکرێت".
دواى فەرمانەکەى عەلى زەیدی شاندێک بۆ لێکۆڵینەوە لە بەغدادەوە گەیشتنە کێڵگەى کۆرمۆر
