بە فەرمانى عەلی زەیدی لیژنەیەکی لێکۆڵینەوەى هاوبەش لە بارەی هێرشەکەی شەوى ڕابردووى سەر کێڵگەی کۆرمۆر پێکهێنرا.
شاندێکى حکومەتى فیدراڵ بۆ لێکۆڵینەوە گەیشتنە کێڵگەى کۆرمۆر.
شانەی ڕاگەیاندنی ئەمنی: هێرشەکە زیانی گیانی نەبووە.
شانەی ڕاگەیاندنی ئەمنی: لێکۆڵینەوەکان بۆ دۆزینەوەی سەرچاوەی پەلامارەکە دەستیان پێکردووە.
عەلی فالح زەیدی، سەرۆکوەزیران و فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکانی عێراق، فەرمانی کرد بە پێکهێنانی لیژنەیەکی لێکۆڵینەوەی هاوبەش لەگەڵ لایەنە پەیوەندیدارەکانی هەرێمی کوردستان لەسەر هێرشەکە، دواى بڕیارەکەى سەرۆکوەزیرانى عێراق، شاندێکى حکومەتى فیدراڵ گەیشتنە کێڵگەى کۆرمۆر.
ئەم بڕیارە بە مەبەستی بەدواداچوونی ورد و ئاشکراکردنی سەرچاوە و چۆنیەتی ڕوودانی ئەو هێرشە تاوانکارییە هاتووە کە کرایە سەر کێڵگەی غازی کۆرمۆر لە سنووری شارۆچکەی چەمچەماڵ.
فەرماندەی گشتی هێزە چەکدارەکان جەختی لە پێویستی دەستبەجێ دەستپێکردنی لێکۆڵینەوەکان کردووەتەوە.
هێرشەکە هیچ جۆرە زیانێکی گیانی لە نێو کارمەندان یان پاسەوانانی کێڵگەکەدا لێنەکەوتووەتەوە.
کێڵگەی غازی کۆرمۆر کە دەکەوێتە سنووری شارۆچکەی قادرکەرەم لە قەزای چەمچەماڵ لە پارێزگای سلێمانی، کاتژمێر 11ی شەوی ڕابردوو لە ڕێگەی درۆنەوە کرایە ئامانج.
هێرشەکە بووە هۆی کەوتنەوەی ئاگرێکی فراوان لە کێڵگەکەدا کە دواتر کۆنترۆڵکرا. سەرەڕای نەبوونی زیانی گیانی، پەلامارەکە زیانی گەورەی ماددی بە بەشی بەرهەمهێنانی گازی ماڵان گەیاند، بە شێوەیەک کە پڕۆسەی بەرهەمهێنانی گاز لە کێڵگەکەدا بە تەواوی ڕاگیرا.
ئەم هێرشە هاوکاتە لەگەڵ توندبوونی لێدوانەکانی عەلی زەیدی، سەرۆکوەزیرانی عێراق، بەرامبەر بەو گرووپە چەکدارانەی دژی کۆنترۆڵکردنی چەک لەلایەن دەوڵەتەوە دەوەستنەوە. زەیدی هەر لەو ڕۆژەدا جەختی کردبووەوە کە ڕێگە نادات هیچ گرووپێکی دەرەوەی یاسا مافی هاووڵاتییان پێشێل بکات و حکومەت سوورە لەسەر سەپاندنی دەسەڵاتی دەوڵەت بەسەر تەواوی خاکەکەی.
زەیدی لیژنەیەکی بۆ لێکۆڵینەوە لە هێرشەکەی سەر کۆرمۆر پێکهێنا
