مێتا ئامرازی ژیریی دەستکردی Movie Gen رادەگەیەنێت

کۆمپانیای مێتای خاوەنی فەیسبوک و ئینستاگرام، مۆدێلێکی نوێی ژیریی دەستکردی راگەیاند بەناوی Movie Gen، کە دەتوانێت کلیپی ڤیدیۆ و دەنگی راستەقینە لەسەر بنەمای ئامۆژگارییەکانی بەکارهێنەر و بە پێدانی تێکست دروستبکات.

مێتا بانگەشەی ئەوەدەکات ئامڕازەکەیان دەتوانێت رکابەری تەکنەلۆجیا هاوشێوەکانی کۆمپانیا پێشەنگەکانی ژیریی دەستکرد وەک ئۆپن ئەی ئای و ئیلێڤن لابس بکات.

ئەو نموونانەی کە مێتا بڵاویکردونەتەوە بریتین لە ڤیدیۆی چەند ئاژەڵێک کە بەشداری چالاکییەکانی ناو ئاو دەکەن، هەروەها کلیپی کەسی کە وێنەی راستەقینە دەکاتە ڤیدیۆ و بەپێدانی سیناریۆیەک وێنەکە دەستدەکات بە جوڵە، لەگەڵ ئەمانەشدا "مۆڤی جێن" توانای دروستکردنی دەنگ و کارتێکەری دەنگی بۆ ڤیدیۆکانیش هەیە، کە هەر ڤیدیۆیەک تاوەکو درێژی 16 چرکە و تراکی دەنگیش تا 45 چرکە.

ئەم راگەیاندنە لە کاتێکدایە کە گفتوگۆی بەردەوام لە هۆلیووددا سەبارەت بە توانا و ئاڵنگارییەکانی ژیریی دەستکردی بەرهەمهێن لە فیلمسازیدا بەردەوامە، بە تایبەتیش دوای ئەوەی کۆمپانیای OpenAI لە سەرەتای ئەمساڵدا ئامرازی دروستکردنی ڤیدیۆی تایبەتی خۆی بەناوی سۆرا نمایش کرد.

ئارا ئاکۆ

Wed Oct 09 2024

Loading related news...