
ئۆجەلان: پێویستە ئەو ناوچانەی خاکی کوردن بخرێنەوە سەر هەرێمی کوردستان.
بە پێویستی دەزانێت شنگال و کەرکووک و خانەقین بخرێنە سەر هەرێمی کوردستان.
نامەی بۆ پارتی و یەکێتییش ناردووە و داوای لێکردوون یەکێتیی نەتەوەیی کورد بەهێزبکرێت.
هێزی پێشمەرگەش لەژێر کۆنتڕۆڵی حیزب دەربهێنرێت.
ئۆجەلان لە میانی وتارێکدا کە لە گۆڤاری ئۆزگور هاڵک، لە ژێر ناونیشانی "کۆماری دیموکراتی و تێکەڵبوونی دیموکراتی" بڵاویکردووەتەوە، ئاماژەی بەوەکردووە، بە لەبەرچاوگرتنی پێکهاتەی سیاسی و کولتووریی عێراق، فیدراڵیی ڕێگەیەکی گونجاوە بۆ چارەسەرکردنی کێشەی کورد لە وڵاتەکە و ڕێگەی لە بەردەم تێکەڵبوونی کورد بە دەوڵەتی عێراق کردووەتەوە.
بە پێویستی زانیوە، پشتگیری لە تێکەڵبوونی کورد لە ڕێگەی مۆدێلی فیدراڵییەوە بە عێراق بکرێت.
ڕەوشی ناوچە کوردستانییەکانى دەرەوەى ئیدارەى هەرێمى کوردستان تاوەکو ئێستا چارەسەر نەکراون.
وەک ناوچەی جێناکۆک پێناسە دەکرێن.
بە لە بەرچاوگرتنی ئەوەی ئەو ناوچانە هەر لە شنگالەوە تاوەکو مووسڵ و لە کەرکووکەوە تاوەکو خانەقین جوگرافیای کوردن.
دەبێت بخرێنە سەر هەرێمی کوردستان و بەو شێوەیەش تێکەڵبوون لەگەڵ دەوڵەتی عێراقدا دەگاتە پایان.
لە بارەی پرسی کورد لە ئێران: ئێران هیچ کاتێک نکوڵی لە ناسنامە و بوونی کورد نەکردووە.
قبووڵکردنی بوونی کورد لە لایەن ئێرانەوە ئەرێنییە.
بەڵام بە مانای ئەوە نایەت، مافە سیاسی و ئابوورییەکانی گەلی کوردیشی قبووڵکردووە.
ئێستا ئێران لە ڕەوشێکی نادیاردایە لە ڕووی سیاسی و ئابوورییەوە.
ئێرانێکی فیدراڵ لە سەر بنەمای تێکەڵبوونی دیموکراتی، دەکرێت ببێتە چارەسەر.
گەیشتنی کورد بە پێکهاتەیەک کە تیایدا بتوانن لە ناو جوگرافیای خۆیاندا لە ڕووی ئابووری و سیاسییەوە ئیدارەی خۆیان بکەن.
تێکەڵبوونیان لەسەر ئەم بنەمایە، بووەتە پێویستییەک کە چیتر ناکرێت دوا بخرێت.
هاوکات کەسکین بایندر، هاوسەرۆکی گشتیی پارتی هەرێمە دیموکراتییەکان و عومەر ئۆجەلان پەرلەمانتاری پارتی دەم، لە میانی بەشدارییکردن لە کۆبوونەوە جەماوەرییەکاندا لە نەمسا جگە لە پڕۆسەی چارەسەریی، ئاماژەیان بە پێشهاتەکانی هەرێمی کوردستان کرد و ناوەڕۆکی نامەیەکی ئۆجەلانیان بۆ پارتی دیموکراتی کوردستان و یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان ئاشکراکرد.
بایندر ئاماژەی بەوەکرد، ئۆجەلان لە نامەکاندا بە پێویستی زانیوە، یەکێتیی نەتەوەیی کورد بەهێز بکرێت و هێزەکانی پێشمەرگە لە کۆنتڕۆڵی پارتەکان دەربهێنرێن و لە چوارچێوەی پێکهاتەیەکی بەرگریی هاوبەشدا ڕێکبخرێن.
هەنگاوەکانى کشانەوە دەستیانپێکردووە؛ پۆستەکانى یەکێتی لە حکومەت
عەبدولستار مەجید: ئەم ئاڕاستەیەى پەرلەمان درزەکان زۆر قووڵتر دەکات
کەناڵ8 ناوەڕۆکى کۆبوونەوەى تیمى دەستلەکارکێشاوەى یەکێتى لە حکومەت ئاشکرا دەکات