
لە پێنجشەممەى ڕابردووەوە بافڵ جەلال تاڵەبانى بڕیارى کشانەوەى یەکێتى لە حکومەت داوە.
تیمى یەکێتى پابەندى بڕیارەکەیە و لە حکومەت کشاوەتەوە.
کشانەوەى یەکێتى لە حکومەت لە کاردانەوەى هەڵبژاردنى دەستەى سەرۆکایەتیى پەرلەمان بوو بەبێ سازان.
پاش کشانەوەی لە حکومەتى کاربەڕێکەر، ئەمڕۆ 8ـى تشرینى یەکەم، بە سەرپەرشتیى قوباد تاڵەبانى، تیمى دەستلەکارکێشاوەى یەکێتى لە کابینەى نۆیەم کۆبووەوە.
قوباد تاڵەبانى و تیمەکە لە کۆبوونەوەکەدا جەختیان لە پابەندبوون بە بڕیارەکانى سەرۆکى یەکێتى کردووەتەوە.
لە حکومەتى کاربەڕێکەر کشاونەتەوە و نەچوونەتەوە دەوامى حکومەت.
تیمەکە بۆ ڕاییکردنى کاروبارى هاونیشتمانییان لە سلێمانى دەبێت.
ڕێگە بە ڕاگرتنى مامەڵەى هاونیشتمانییان و فەرمانگە حکومییەکان نادەن.

ئەوەش لەکاتێکدایە، پاش ئەوەى پارتى و چەند پەرلەمانتارێک و سێ پەرلەمانتارى پێکهاتەکان، 4ـى ئەم مانگە و بەبێ ڕێککەوتنى سیاسی، کۆبوونەوەى پەرلەمانى کوردستانیان کرد و دەستەى سەرۆکایەتییان هەڵبژارد، بافڵ جەلال تاڵەبانى، سەرۆکى یەکێتیى نیشتمانیی کوردستان لە پەیامێکدا ڕایگەیاند، ئەم حکومەتە فەشەلى هێناوە و لە ئێستاوە لەم حکومەتە دەکشێینەوە، هەروەها دان بەوەی لە پەرلەمان ڕوویدا و بە دەرئەنجامەکانیشی نانێین.
