
ژمارەیەک وڵات داوای گەیاندنی هاریکاری بە غەززە دەکەن .
ژمارەیەک وڵاتی ڕۆژئاوا دۆخی غەززە بە کارەساتبار وەسف دەکەن .
بەڕیتانیا داوا لە ئیسرائیل دەکات ڕێگەبدات هاریکارییەکان بگاتە غەززە.
لە جاڕنامەیەکی هاوبەشی وەزیرانی دەرەوەی وڵاتانی بەڕیتانیا، ئوسترالیا، کەنەدا و ئیتاڵیا هاتووە، ناکرێت لەوە زیاتر هاریکارییەکان دوا بکەوێت و دەبێت هەر ئێستا ڕێگەبدرێت بە هاریکارییە مرۆییەکان بەشێوەیەکی خێرا و بەبێ بەربەست بگاتە هەموو غەززە.
پێدوایستییە گرنگەکان و 150 هەزار خێمە ئێستا لەسەر سنوورەکان چاوەڕێی وەرگرتنی ڕەزامەندین بەر لە هاتنی وەرزی زستان ببرێتە غەززە.
شەپۆلێکی باران ڕووی لە غەززە کردووە و بەهۆیەوە لافاو لە چەند شوێنێک درووستبووە، ئەمەش وای کرد دۆخی مرۆیی ئەو کەرتە کە لە بنەڕەتدا خراپ بوو زۆر خراپتریش ببێت.
ئەم وڵاتانە لە ڕاگەیێنراوەکەیاندا باس لەوە دەکەن، دەکرێت دۆخەکە بگۆڕن، کاتیش ماوە بەر لە هاتنی زستان ڕێکاری پێویست بگیرێتەبەر.
نوسینگەی نەتەوەیەکگرتووەکان بۆ کارووباری مرۆیی دەڵێت، بەهۆی بارانی بەخووڕ باڵەخانەکان ڕووخاون، زیان بە پەناگەکان گەشتووە و خزمەتگوزارییە سەرەکییەکانیش پەکییان کەوتووە.
کەرتی غەززە بەهۆی بەردەوامیی ململانێ و ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکانەوە، ڕووبەڕووی یەکێک لە قورسترین قەیرانە مرۆییەکانی سەردەم بووەتەوە. وێرانبوونی بەشێکی زۆری ژێرخانی شارستانی، لەوانەش نەخۆشخانەکان، قوتابخانەکان و تۆڕەکانی ئاو و کارەبا، ژیانی ڕۆژانەی زیاتر لە دوو ملیۆن دانیشتووی ئەو ناوچەیەی پەکخستووە و زۆرینەی ڕەهای خەڵکەکەی ناچار بە ئاوارەبوون کردووە.
هاوکات، سنوورداربوونی گەیشتنی هاوکارییە مرۆییەکان و داخستنی دەروازە سنوورییەکان، بووەتە هۆی کەمیی توندی خۆراک، ئاوی خواردنەوە، سووتەمەنی و دەرمان. ڕێکخراوە نێودەوڵەتییەکان و نەتەوە یەکگرتووەکان بەردەوام هۆشداری لە بڵاوبوونەوەی برسێتیی توند و پەتاکان دەدەن، لە کاتێکدا کەرتی تەندروستی بەهۆی نەبوونی پێداویستییە پزیشکییەکانەوە لە لێواری داڕمانی تەواوەتیدایە.
