
بەهۆی پەککەوتنی بەرهەمهێنانی غاز لە کێڵگەی کۆرمۆر و کەمبوونەوەی کاتژمێرەکانی کارەبای نیشتمانی، مۆلیدە ئەهلییەکان لە شارەکانی هەرێمی کوردستان جارێکی دیکە بوونەوە بە سەرچاوەی سەرەکیی دابینکردنی وزە بۆ هاونیشتمانیان.
هۆرات خۆرانی، سەرۆکی ئەنجوومەنی مۆلیدە ئەهلییەکانی هەولێر ڕایگەیاند، لە سنووری پارێزگای هەولێر بە ناو شار و دەوروبەرییەوە، 2,200 مۆلیدەی ئەهلی هەن. ئاماژەی بەوەش کرد کە دوای خراپبوونی دۆخی کارەبای نیشتمانی، سەرجەم ئەو مۆلیدانە دەستیان بە کارکردن کردووەتەوە و هەر کاتێک کارەبای حکومی بپچڕێت، دەستبەجێ کارەبا بە هاونیشتمانیان دەدەن.
سەبارەت بە شاری سلێمانی، فازڵ سەعید، سەرپەرشتیاری کۆمەڵەی مۆلیدە ئەهلییەکان ئاشکرای کرد کە لە ناو سەنتەری شاردا 524 مۆلیدەی ئەهلی هەن، لەو ژمارەیەش ئێستا 518 مۆلیدەیان لە کارکردن بەردەوامن. ڕوونیشیکردەوە کە تەنیا 6 مۆلیدە لەو شوێنانەی پڕۆژەی ڕووناکی تێدابوو لادراون و لە ئێستادا دانیشتووانی ئەو گەڕەکانە بێ کارەبان و هەوڵی دۆزینەوەی ڕێگەچارەیان بۆ دەدرێت.
لە سنووری پارێزگای دهۆک، بەهۆی ئەوەی پڕۆژەی ڕووناکی تەنیا 70%ـی جێبەجێ کراوە، مۆلیدەکان پێشتریش لە کارکردن نەوەستابوون و ئێستا بە تەواوی توانایانەوە کار دەکەن. لە پارێزگای هەڵەبجەش بە هەمان شێوە، لە کۆی 71 مۆلیدەی ئەهلی، 59 مۆلیدەیان دەستیان بە کارکردن کردووەتەوە بۆ پڕکردنەوەی ئەو کورتهێنانەی لە کارەبای نیشتمانی دروستبووە.
ئەم قەیرانە لە کاتێکدایە کە بەهۆی تێکچوونی دۆخی ئەمنییەوە، کۆمپانیای دانەغاز بەرهەمهێنانی گاز لە کێڵگەی کۆرمۆر ڕاگرتووە. بەپێی زانیارییەکانی وەزارەتی کارەبا، ڕاگرتنی ئەو کێڵگەیە بووەتە هۆی کەمبوونەوەی 2,500 مێگاوات کارەبا لە تۆڕی نیشتمانی، ئەمەش وایکردووە پڕۆژەکانی دابینکردنی کارەبای 24 کاتژمێری تووشی گرفت ببن.