
بە بڕیارى قوباد تاڵەبانى، بودجەى پێویست بۆ نۆژەنکردنەوەى 133 خوێندنگە لە سنوورى ئیدارەى سەربەخۆى گەرمیان تەرخانکرا.
ئیدارەى گەرمیان دەڵێت، بەزووترین کات دەستدەکرێت بە کاری نۆژەنکردنەوەکان.
ئیدارەى گەرمیان لە ڕاگەیێنراوێکدا ئاماژەى بەوەکردووە، بەسەرپەرشتیی سەرپەرشتیاری ئیدارەی گەرمیان و بەئامادەبوونی نوێنەری قوباد تاڵەبانی، لە بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی پەروەردەی گەرمیان کۆبوونەوەیەک بەڕێوەچوو تێیدا ڕێکارەکانی هەڵمەتی نۆژەنکردنەوەی قوتابخانە و خوێندنگەکان ڕاگەیێنرا.
لە کۆبوونەوەکەدا، تیشکخرایە سەر میکانیزمی نۆژەنکردنەوەی خوێندنگەکان.
بەجۆرێک هەموو خوێندنگە و قوتابخانەیەک لە سنوری پەروەردەی گەرمیاندا نۆژەنبکرێتەوە .
کەموکورتییەکانی قوتابخانەکان چارەسەر بکرێن و هیچ قوتابخانەیەک نەمێنێت کێشەی هەبێت.
بەگوێرەى ئامارەکانى پەروەردەی گەرمیان نۆژەنکردەوەکان بەم شێوەیەیە:
لە سنوورى ئیدارەی گەرمیان، 133 خوێندنگە و قوتابخانە پێویستیان بە نۆژەنکردنەوەیە.
بەجۆرێک لە سنوری قەزاکانی کەلار و ڕزگاری و شارەدێکانیان 90 قوتابخانە.
لەسنوری شارۆچکەى کفری 38 قوتابخانە.
لەسنوری پەروەردەی خانەقینیش 5 قوتابخانە نۆژەندەکرێنەوە.
پرۆژەی دوو قوتابخانە لە شارەدێکانى کۆکس و سەرقەڵا کە زۆربەی کارەکانیان ئەنجمدراون تەواو دەکرێن.
هەر لەو کۆبونەوەیەدا، بڕیاردرا بە زوترین کات کارەکانی نۆژەنکردنەوەی قوتابخانە و خوێندنگەکان دەستپێبکرێت بە ئامانجی باشتر بەڕێوەچوونی پرۆسەی خوێندن لە ناوەندەکانی خوێندندا.
