
ئاژانسی هەواڵی ئینتەرفاکسی ڕووسی لە زاری گوتەبێژی کۆشکی کریملن دەڵێت، بەهەماهەنگی لەگەڵ سەرۆکی ئێران، ڤیلادیمیر پوتن، سەرۆکی ڕووسیا هەڵوێستی لایەنی ئێرانی لەبارەی کۆتاییهێنان بە گرژییەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست گەیاندووەتە دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا.
وردەکاری زیاتر هێشتا لەسەر ئەم بابەتە بڵاونەکراوەتەوە، بەڵام بەگوێرەی ئاژانسی تاسی ڕووسی بێت، لە پەیوەندییەکی تەلەفۆنیدا کە یەک کاتژمێر و 30 خولەک بەردەوام بووە، پوتن بۆ چارەسەرکردنی قەیرانی یۆرانیۆمی پیتێنراوی ئێران پێشنیازێکی داوەتە ترەمپ.
پوتن جارێکی دیکە پێشنیازەکەی مۆسکۆی بۆ ترەمپ دووبارەکردووەتەوە کە هێشتا دەتوانن یۆرانیۆمە پیتێنراوەکە لە ئێرانەوە بگوازنەوە ڕووسیا.
یوری ئوشاکۆف، یاریدەدەری سەرۆکی ڕووسیا بە ڕۆژنامەوانانی ڕاگەیاند، پوتن جەختی لە بژاردە دیپلۆماسییەکان کردووەتەوە لەبارەی دۆسیەی ئێران و دەشڵێت، دەبێت لە ڕێگەی دانوستان لەگەڵ تاران بگەینە ڕێککەوتن.
حەوت مانگ بەر لە ئێستا مۆسکۆ پێشنیازی گواستنەوەی یۆرانیۆمە پیتێنراوەکەی ئێرانی بە ئەمریکا گەیاندبوو کە بەهۆیەوە هەوڵە دیپلۆماسییەکان بۆ کۆتاییهێنان بە گرژییەکان جوڵەی تێبکەوێت.
بەگوێرەی بەرپرسان بێت، ترەمپیش لە پەیوەندییە تەلەفۆنییەکەدا، پیرۆزبایی خۆی گەیاندووە بە پوتن بەبۆنەی ساڵیادی لە دایکبوونی.
ترەمپ و پوتن لە پەیوەندییەکی تەلەفۆنیی 85 خولەکیدا پرسی ئۆکرانیا و ئاسایشی جیهانیان تاوتوێ کرد

.jpg)

.jpg)
