سەرۆکوەزیرانی عێراق مووچە و زەوی دەبەخشێتە منداڵانی تووشبووی شەکرە

پووختەی هەواڵەکە

  • عەلى زەیدى لەگەڵ ژمارەیەک منداڵى توشبووى شەکرە کۆبووەوە.

  • زەیدى بڕیاریدا تاوەکو گەیشتنی ئەو منداڵانە بە 22 ساڵى مووچەیان پێ بدرێت.


نووسینگەى ڕۆژنامەوانى سەرۆکوەزیرانى عێراق ڕاگەیێنراوێکى بڵاوکردەوە و تیایدا ئاماژە بەوە کراوە، لە ڕۆژى جیهانیی نەخۆشى شەکرەدا کە ڕێککەوتى 14ـى تشرینى دووەمى هەموو ساڵێک دەکات، عەلى زەیدى سەرۆکوەزیران پێشوازیی لە ژمارەیەک منداڵى توشبووى شەکرەى جۆرى یەک کرد.


بەگوێرەى ڕاگەیێنراوەکە:

  • سەرۆکوەزیران وەزارەتى تەندروستى ڕاسپارد ئامێرى پشکنینى شەکرە دابینبکەن و بەبێبەرامبەر بەسەر منداڵانى توشبووى شەکرە لە سەرجەم پارێزگاکان دابەشى بکەن.

  • سەرۆکوەزیران لایەنە پەیوەندیدارەکانى ڕاسپارد هاوکاربن لە کەمکردنەوەى بارگرانى خێزانى منداڵانى توشبووى شەکرە و کارئاسانیى بکەن بۆ چاودێرییکردنى تەندروستییان.

  • زەیدى بڕیاریدا هەر خێزانێک کە منداڵى توشبووى شەکرەى جۆرى یەکى هەیە و خاوەن یەکەى نیشتەجێبوونى خۆیان نیین، سوودمەندبن لە دەستپێشخەریى وەرگرتنى زەوى نیشتەجێبوون.

  • سەرۆکوەزیران بڕیاریدا هەر منداڵێکى توشبووى شەکرەى جۆرى یەک تاوەکو تەمەنى 22 ساڵى سوودمەندبێت لە وەرگرتنى مووچەى چاودێریى کۆمەڵایەتى.

نەخۆشیی شەکرە لە عێراق بە خێرایی ڕوو لە هەڵکشانە و بووەتە یەکێک لە ئاڵنگارییە گەورەکانی بەردەم کەرتی تەندروستی، بە جۆرێک بەپێی ئامارەکانی فیدراسیۆنی نێودەوڵەتیی شەکرە نزیکەی 2.7 ملیۆن کەس کە دەکاتە ڕێژەی 13.4%ـی دانیشتووان لە عێراق تووشبووی ئەم نەخۆشییەن و عێراق لەسەر ئاستی وڵاتانی عەرەبی لە پلەی شەشەمدایە لە ڕووی زۆریی ژمارەی تووشبووانەوە.

سەبارەت بە منداڵان و مێرمنداڵانیش (تەمەن 0 تاوەکو 19 ساڵ)، داتاکان دەریدەخەن زیاتر لە 25 هەزار منداڵ و مێرمنداڵ لە عێراق تووشبووی شەکرەی جۆری یەکەمن، ئەمەش فشارێکی دارایی و دەروونیی زۆری لەسەر خێزانەکانیان دروستکردووە بەهۆی پێویستیی بەردەوامیان بە ئەنسۆلین و ئامێرەکانی پشکنینی ڕۆژانە.

شۆڕش محەمەد

Sat Nov 14 2026

Loading related news...