حیزبوڵای عێراق هێرشی توند دەکاتە سەر عەلی زەیدی؛ داوای لێکۆڵینەوە لە سامانەکەی دەکات

عەلی زەیدی، سەرۆکوەزیرانی عێراق
عەلی زەیدی، سەرۆکوەزیرانی عێراق

پووختەی هەواڵەکە

  • حیزبوڵاى عێراق ڕاگەیێنراوێکی بڵاوکردەوە.

  • حیزبوڵاى عێراق دەڵێت، هەر هێرشێک بۆ سەر بارەگاکانى مقاوەمەى ئیسلامى، زەیدى لێى بەرپرسیارە.

  • حیزبوڵاى عێراق داوا دەکات لێکۆڵینەوە لە سامانى عەلى زەیدى بکرێت.

  • حیزبوڵاى عێراق ڕاشیگەیاندووە، فێڵى دابەشکردنى یەک ملیۆن زەوى گاڵتەجاڕییە.

  • حیزبوڵاى عێراق: بەرگری لە کۆمارى ئیسلامیى ئێران دەکەین.


حیزبوڵاى عێراق ڕاگەیێنراوێکی توند لە دژى عەلى زەیدى سەرۆکوەزیرانى عێراق بڵاودەکاتەوە و دووپاتیدەکاتەوە بەهیچ جۆرێک سازش لە دەستبەردارى چەک نابێت، داواش لە دەستەى دەستپاکى دەکات لێکۆڵینەوە لە سامانى زەیدى بکات و بزانێت کێ کۆمەک و پشتیوانیی دەکات، بەرپرسیارێتیى ڕاستەوخۆى هەر هێرشێکیش بۆ سەر بارەگاکانى بەرەى مقاوەمە دەخاتە ئەستۆى زەیدى.


ڕاگەیێنراوی حیزبوڵاى عێراق:

  • بەهیچ جۆرێک دەستبەردارى هەڵوێستە مەبدەئییەکانمان نابین.

  • سەرجەم فشارە ناوخۆیی و نێودەوڵەتییەکان ناتوانن پاشگەزمان بکەنەوە لە بەرگریکردن لە بەرژەوەندییەکانى گەلى عێراق و وەدەرنانى دوژمنانى گەل لە ناوخۆ و دەرەوە.

  • بەتوندیش ڕووبەڕووى سەرجەم پیلانێگڕییەکان دەبینەوە کە دژمان بێت هەرچەندە ئاڵنگارییەکان گەورە و قوربانیدانەکانیش زۆربن.

  • بەرگریی لە کۆمارى ئیسلامیى ئێران دەکەین و ڕێگەنادەین دوژمنان گۆشەگیرى بکەن.

  • بەردەوام دەبین لە بەرگریکردن لە دۆزى فەڵەستین و پشتیوانیکردنى برایانمان لە لوبنان و یەمەن.

  • چەکى بەرەنگاربوونەوە بابەتێکى باوەڕى و ئەخلاقى و مەبدەئییە، کەمتەرخەمى لێناکەین و دوژمن ناتوانێت هیچ سازشێکیان پێبکات.

لێکۆڵینەوە لە سامانی زەیدی

حیزبوڵا هەروەها هانى دەستەى دەستپاکى دەدات، لێکۆڵینەوە لە سامانى زەیدى بکات کە بە 21 تریلیۆن دینار مەزەندە دەکرێت، کە خۆى لە کۆبوونەوەیەکى چوارچێوەى هەماهەنگى دانى پێداناوە، بە پێویستى دەزانێت گەلى عێراق بزانێت کێ پشتیوانى و کۆمەکى کردووە لە ماوەى 10 ساڵى ڕابردوودا.

داواش لە پەرلەمانتاران دەکات لێکۆڵینەوە بکەن لە گرێبەستەکانى کۆبوونى خۆراک و دابینکردنى خواردن بۆ سوپاى عێراق و گرێبەستى کۆمپانیاى ئەدنوک، کە لە نێوان حسین زەیدى براى عەلى زەیدى و تۆم باراک و تەحنون بن زاید کراوە.

هەروەها پڕۆژەى دابەشکردنى یەک ملیۆن پارچە زەوى بە پڕۆژەى فێڵى یەک ملیۆن زەوى ناودەبات.

زەیدی بەرپرسیاری هەر هێرشێکە

حیزبوڵا ڕاشیگەیاندووە، زەیدى بەرپرسیارێتیى تەواوەتى لە ئەستۆ دەبێت لە هەر هێرشێک بۆ سەر بارەگاکانى مقاوەمەى ئیسلامى یاخود هەندێک بارەگاى لیواکانى حەشدى شەعبى، بەتایبەت کە بەشێک لە دەزگا ئەمنییەکان ڕاسپێردراون بە کۆکردنەوەى زانیارى و بەشداریپێکردنى ئەمریکا و ئیسرائیل بۆ وەشاندنى گورزى سەربازى لە ناو عێراق و بە ئاگادارى خودى زەیدى خۆى.

حیزبوڵا ڕەخنەش لە چوارچێوەى هەماهەنگى دەگرێت و دەڵێت، عەلى زەیدى بە ڕەزامەندى سەرکردەکانى چوارچێوەى هەماهەنگى گەمارۆى خستووەتە سەر ئێران.

زانیاریی زیاتر بۆ تۆ

زەیدى فەرمانى کرد بە پێکهێنانى لیژنەیەک بۆ لێکۆڵینەوە لە بە قاچاخبردنى نەوت لە جورفولسەخەر

Loading related news...