
وەزیرى نەوت داوادەکات پەلە بکرێت لە جێبەجێکردنى پڕۆژەى بۆریى گواستنەوەى نەوتى بەسرە-حەدیسە و پێشخاپوور.
وەزیرى نەوت پێویستە پڕۆژەکە لە وادەى دیاریکراوى خۆیدا تەواو بکرێت.
وەزارەتى نەوت: پڕۆژەکە زیاتر لە 15 هەزار هەلی کار دەڕەخسێنێت.
وەزارەتى نەوتى عێراق ڕاگەیێنراوێکى بڵاوکردەوە و تیایدا ئاماژە بەوە کراوە، باسم محەممەد خزەیر، وەزیرى نەوتى عێراق سەرۆکایەتى کۆبوونەوەیەکى کرد، بۆ تاوتوێکردنى بەرەوپێشچوونەکان لەبارەى پڕۆژەى بۆریى گواستنەوەى نەوتى (بەسرە-حەدیسە) و (حەدیسە-پێشخاپوور) و (حەدیسە-بانیاس) کە وا بڕیارە کۆمپانیا بیانییەکان جێبەجێى بکەن.
لە کۆبوونەوەکەدا قۆناغەکانى دانوستاندن و لێکۆڵینەوەى بابەتە هونەریى و ئابوورییەکانى پەیوەست بە پڕۆژەکە خرایە بەر باس.
تاوتوێى ئاستى بەرەوپێشچوونى دانوستاندنەکان و ڕێکارە پێویستەکان بۆ بەرەوپیشچوونى پڕۆژەکە کراوە.
بەگوێرەى ئەو پلانە ستراتیجییەى کە وەزارەت هەیەتى بۆ برەودان بە گەشەسەندنى ژێرخانى کەرتى نەوت و پەرەدان بە دەروازەکانى هەناردەکردنى نەوت کار لەسەر پڕۆژەکە دەکرێت.
وەزیرى نەوت داواى کرد، پەلە بکرێت لە یەکلایی کردنەوەى سەرجەم گفتوگۆ هونەری و ئابوورییەکان و گرێبەستەکان لە وادەى دیارییکراوى خۆیدا.
بۆریی گواستنەوەی نەوتی (بەسرە - حەدیسە) پڕۆژەیەکی ستراتیجی گەورەی عێراقە، بۆ گواستنەوەی نەوتی خاو لە کێڵگەکانی باشوورەوە بۆ ڕۆژئاوا و باکووری وڵات.
ئەم پڕۆژەیە وەک بڕبڕەی پشتی هەناردەکردنی وشکانی دادەنرێت، تاوەکو عێراق تەنیا پشت بە بەندەرەکانی کەنداو نەبەستێت و چەندین دەروازەی جیاوازی هەناردەکردنی هەبێت.
درێژیی ئەم هێڵە نزیکەی 700 کیلۆمەترە لە شاری بەسرەوە تاوەکو شارۆچکەى حەدیسە لە پارێزگای ئەنبار و تیرەکەی 56 ئینجە و توانای گواستنەوەی ڕۆژانەی نەوت لەم بۆرییەدا لە نێوان 2.25 بۆ 2.5 ملیۆن بەرمیل نەوتە.
لەم پڕۆژەیەدا شاری حەدیسە دەبێتە خاڵی دابەشکردن بۆ هەناردەکردنی نەوت بە سێ ئاڕاستەی جیاوازدا، ئاڕاستەکان بریتین لە، بەندەری جەیهان لە تورکیا (لە ڕێگەی پێشخاپوورەوە)، بەندەری بانیاس لە سووریا و بەندەری عەقەبە لە ئوردن.
بۆرییەکە بەسەر پارێزگاکانی باشوور، ناوەڕاست و باکووردا تێدەپەڕێت و نەوتی خاو بۆ پاڵاوگەکان و وێستگەکانی کارەبا دابین دەکات.
بەگوێرەى ڕاگەیاندنی وەزارەتی نەوتی عێراق، جێبەجێکردنی پڕۆژەکە زیاتر لە 15 هەزار هەلی کار دەڕەخسێنێت.
پڕۆژەکە لەلایەن هاوپەیمانیی کۆمپانیا نێودەوڵەتییەکان کە پێکهاتوون لە شیڤرۆن و تی ئای کاپیتاڵی ئەمریکی، لەگەڵ کۆمپانیای یو سی سیی قەتەری، جێبەجێ دەکرێت.
