
خانەوادەی سەردەشت عوسمان لە 16هەمین ساڵیادی تیرۆرکردنیدا، ڕەخنەی توند لە دەسەڵات دەگرن و داوای دادگاییکردنی بکوژانی ڕاستەقینە و ئەوانە دەکەن کە فەرمانی کوشتنیان داوە، جەختیش دەکەنەوە کە تیرۆرکردنی دەنگە ئازادەکان بە تەلار و چیمەنتۆ ناشاردرێتەوە.
سەردەشت عوسمان، ئەو گەنجە 23 ساڵەی خوێندکاری زانکۆ بوو، لە 4ـی ئایاری 2010 لە نێو جەرگەی شاری هەولێر و لەبەردەم کۆلێژی ئاداب بە زۆری چەک ڕفێندرا. پێشتر سەردەشت لە وتارێکدا بە ناوی "یەکەمین زەنگی کوشتنم لێدرا" باسی لە هەڕەشەکان کردبوو و ڕاگری کۆلێژ و بەڕێوەبەری پۆلیسی هەولێری ئاگادار کردبووەوە، بەڵام هیچ پارێزبەندییەکی بۆ دابین نەکرا. دوای 24 کاتژمێر و لە ڕۆژی 05/05/2010، تەرمە ئەشکەنجەدراوەکەی لە شاری مووسڵ دۆزرایەوە لە کاتێکدا فیشەک نرابوو بە نێو دەمیەوە.
خانەوادەی سەردەشت عوسمان جەخت دەکەنەوە کە دۆسیەی کوشتنی کوڕەکەیان تەنیا تیرۆری جەستە نەبوو، بەڵکو هەوڵێکی سیستماتیک بوو بۆ تیرۆری کەسایەتیشی. ئەوان ئەو لێژنە و دادگایانەی پێکهێنران بە "کارگەی دروستکردنی درۆ و چەواشەکاری" ناوزەند دەکەن کە هەوڵیان دا ناسنامەی ڕۆژنامەنووسی لە سەردەشت بستێننەوە و تۆمەتی بۆ دابتاشن. خانەوادەکەی دەڵێن ئەو سیناریۆیانەی بۆ تۆمەتبارە دروستکراوەکان داڕێژران هێندە لاواز بوون کە تەنانەت لە نێو هۆڵی دادگاکانی دەسەڵاتیشدا شکستیان هێنا.
لە وتاری خانەوادەکەدا هاتووە کە دەسەڵاتدارانی کوردستان شانازی بە پانیی شەقام و بەرزیی تەلارەکان دەکەن، بەڵام هیچ ئاسن و چیمەنتۆیەک ناتوانێت گەندەڵی و خوێنی ڕژاوی دەنگە ئازادەکان بشارێتەوە. ئاماژە بەوەش کراوە کە لە شارێکدا بکوژانی ئەنفال پارێزبەندییان هەبێت و سۆران، سەردەشت، کاوە و ویداد تیرۆر بکرێن، ئەو شارە مەملەکەتی بێ ویژدانییە. جەختیش دەکەنەوە کە چەمکی "کوردایەتی" نابێت ببێتە ڕوپۆش بۆ شاردنەوەی گەندەڵی، ستەم و زەوتکردنی ئازادییەکان.
خانەوادەی سەردەشت عوسمان لەم یادەدا دوو داواکاری سەرەکییان خستووەتە ڕوو؛ یەکەم: دادگاییکردنی بکوژانی ڕاستەقینە و ئەوانەی فەرمانی تیرۆرەکەیان داوە، لەگەڵ سزادانی ئەوانەی سیناریۆیان بۆ تێپەڕاندنی دۆسیەکە دروست کردووە. دووەم: سزای یاسایی و مەدەنی بکوژان دەبێت لە دادگایەکی سەربەخۆ و بێلایەندا بێت، نەک لەژێر سێبەری دەسەڵاتی بنەماڵەیی و حیزبیدا.
بەکر عوسمان لە وتارەکەدا ئاماژە بەوە دەکات کە دەسەڵات پێی وابوو بە تیرۆرکردنی سەردەشت وشە کۆتایی دێت، بەڵام دوای 16 ساڵ، سەردەشت و قوربانیانی ئازادی بوون بە ناسنامەی ئازادیخوازی. ڕایگەیاند کە دادگایی نەکردنی بکوژانی سەردەشت بە واتای بەردەوامیی تیرۆر دێت، و ڕاوەستانی ئەوان لەسەر ئەم دۆسیەیە هەوڵێکە بۆ گەڕانەوەی شکۆ بۆ هاونیشتمانیانی کوردستان و ڕێگریکردن لە دووبارەبوونەوەی تاوانی هاوشێوە.