
جەڵتە لێیدا بوو چەند ڕۆژێک بوو تەندروستى تێکچوو بوو.
مام عوسمان حەسەن هەرگیز سازشى نەکرد و ئامادەنەبوو بە سوڵحى عەشایەرى دۆسییەى سەردەشت دابخرێت.
ساڵانە لە ساڵیادى تیرۆرکردنى سەردەشتدا جەختى لەسەر بە سزاگەیاندنى تۆمەتباران دەکردەوە.
زانیاریى بە کەناڵ8 گەیشت کە ئێوارەى ئەمڕۆ، مام عوسمان حەسەن، باوکى ڕۆژنامەوانى تیرۆر کراو سەردەشت عوسمان کۆچى دوایى کرد، کە ماوەیەک لەمەوبەر جەڵتە لێیدا بوو، لە ڕۆژانى ڕابردووشدا تەندروستى تێکچوو بوو.
گەنجێکى 23 ساڵەی خوێندکاری زانکۆ بوو، لە 4ـی ئایاری 2010 لە نێو جەرگەی شاری هەولێر و لەبەردەم کۆلێژی ئاداب بە زۆری چەک ڕفێندرا.
پێشتر سەردەشت لە وتارێکدا بە ناوی "یەکەمین زەنگی کوشتنم لێدرا" باسی لە هەڕەشەکان کردبوو و ڕاگری کۆلێژ و بەڕێوەبەری پۆلیسی هەولێری ئاگادار کردبووەوە، بەڵام هیچ پارێزبەندییەکی بۆ دابین نەکرا.
دوای 24 کاتژمێر و لە ڕۆژی 05/05/2010، تەرمە ئەشکەنجەدراوەکەی لە شاری مووسڵ دۆزرایەوە لە کاتێکدا فیشەک نرابوو بە نێو دەمیەوە، تاوەکو ئەمڕۆ دۆسییەکەى بە کراوەیى ماوەتەوە.