بۆچی پوتین سەردانەکەی بۆ تورکیا دواخست؟

هەردوو سەرۆکی رووسیا و تورکیا فۆتۆ: AP
هەردوو سەرۆکی رووسیا و تورکیا فۆتۆ: AP

بڕیاربوو روژی دووشەممە 12/2/2024 سەرۆکی رووسیا لە ئەنقەرەی پایتەختی تورکیا چاوی بە سەرۆکی تورکیا بکەوێت، بەڵام دیدارەکە نەکرا و دواخرا.

شرۆڤەکاران و رۆژنامەنووسان لە تورکیا قسەی جۆراوجۆریان لەسەر هۆکاری دواخستنی سەردانەکەی ڤلادیمێر پوتین، سەرۆککۆماری رووسیا بۆ تورکیا کردووە.

نە ئەنقەرە و نە مۆسکۆ بە فەرمی سەردانەکەی پوتینیان بۆ تورکیا پشتڕاستنەکردبووەوە، ئاژانسی هەواڵی فەرمیی رووسیا بڵاویکردەوە، پێدەچێت پوتین لە کۆتایی مانگی نیسان یان سەرەتای مانگی ئایاردا چاوی بە رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا بکەوێت.

بەرجین ینانج، پەیامنێری سیاسەتی دەرەوەی تورکیا، باسی لەوە کردووە، رەنگە "ناکۆکی" نێوان ئەنقەرە و مۆسکۆ بووبێتەهۆی دواخستنی سەردانەکەی پوتین بۆ تورکیا.

ناوبراو دەڵێت: "بە بۆچوونی من، جیاوازیی بیروڕا لەنێوان دامەزراوەکانی هەردوو لایەن لەسەر ئاستی ئامادەکارییەکان بۆ گەشتەکە، هۆکاری سەرەکی بووە تاوەکو ئەم سەردانە دوا بکەوێت".

دەشڵێت: "دوای سەردانەکەی پوتین، دەبوو ئەنجامێکی دیاریکراو و دەستکەوتێکی دیاریکراو بۆ ئەم دیدارە رابگەیەندرایە و نەیدەتوانی تەنیا بێتە ئەنقەرە و بگەڕێتەوە مۆسکۆ بەبێ ئەوەی هیچ شتێکی تایبەت و گرنگی هەبێت بۆ گوتن".

ینانج جەخت لەوە دەکاتەوە، رەنگە رووسیا داواکاریی زۆر لە ئەنقەرە کردبێت، چونکە رووسەکان لەکاتی هەڵبژاردنەکاندا، یارمەتیی زۆری ئەردۆغانیان دابوو.

مستەفا ئەردەمۆڵ، شرۆڤەکاری سیاسی، لە گوتارێکدا لە پێگەی کەناڵی ھەواڵی ھەڵک تیڤی، گومانی خۆی لە راپۆرتەکانی میدیای لایەنگری ئۆپۆزسیۆن دەربڕی کە باس لەوە دەکەن "بەرنامەی چڕ و پڕی پوتین بۆ هەڵبژاردنەکان لە رووسیا بووەتەهۆی دواخستنی ئەم سەفەرە".

ئێردمۆڵ دەڵێت: "ئەم جۆرە گەشتانە لە مێژە پلانیان بۆ دانراوە و قبوڵ ناکرێت کە پوتین پێشوەختە لەبارەی بەرنامەی هەڵبژاردنەکانییەوە نەیزانیبێت".

جەخت لەوە دەکاتەوە، کە هەردوولا ناکۆکییان لەسەر پلانی گەشتەکە هەبووە.

گەرم و گوڕیی پەیوەندییەکانی تورکیا و ئەمریکا

هەندێک لە چاودێرانی سیاسی دواخستنی سەردانەکەی پوتینیان پەیوەست کردووە بە باشتربوونی ئەمدواییەی پەیوەندییەکانی تورکیا لەگەڵ ئەمریکا، دوای ئەوەی ئەنقەرە رەزامەندیی دەربڕی لەسەر ئەندامێتیی سوید لە ناتۆ، هەروەها ئاماژەیان بە گرنگیی پێشکەوتن لە هەوڵەکانی تورکیا بۆ کڕینی 40 فڕۆکەی جەنگیی ئێف 16 لە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا لە لایەن تورکیاوە کردووە.

سایتی هەواڵی سۆل هاربەر، دواکەوتنی گەشتەکەی پوتین بە راگەیاندنی ئەمدواییەی "بایکار" کە کۆمپانیایەکی گەورەی بەرهەمهێنانی کەرەستەی سەربازی و بەرگریی تورکیایە، دەبەستێتەوە، کە دەیەوێت کارگەیەکی نوێ بۆ دروستکردنی فڕۆکەی بێفڕۆکەوان لە ئۆکرانیا بکاتەوە.

سۆل هاربەر نووسیویەتی: "فرۆشتنی فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی جەنگیی بایرەکدار بە ئۆکرانیا و پلانەکەی بۆ دروستکردنی کارگەیەک لەوێ، بووەتە خاڵێکی ململانێی نێوان مۆسکۆ و ئەنقەرە".

لە سەرەتای دەستپێکردنی هێرشی رووسیا لە شوباتی 2022، ئۆکرانیا بە شێوەیەکی بەرفراوان فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی دروستکراوی تورکیای بەکارهێناوە.

تورکیا هەوڵدەدات سەرەڕای شەڕی رووسیا لەگەڵ ئۆکرانیا، پەیوەندییەکانی لەگەڵ کیێڤ و مۆسکۆشدا بپارێزێت.

بە لەبەرچاوگرتنی پەیوەندییەکانی لەگەڵ مۆسکۆ و کیێڤ، ئەنقەرە توانیویەتی خۆی وەک ناوبژیوانی سەرەکی ئەم ململانێیە بناسێنێت و تەنانەت میوانداریی بەشێک لە دانوستانەکانی نێوان هەردوو بەرەکە بکات.

بۆ تورکیا پاراستنی پەیوەندی باش لەگەڵ ئۆکرانیا رێگەیەکە بۆ بەهێزکردنی پەیوەندییەکانی لەگەڵ یەکێتیی ئەوروپا و ناتۆ.

ئەردۆغان کە بە وازهێنان لە ناتۆ و پشتکردن لە رۆژئاوا تۆمەتبار کراوبوو، نەک هەر چەندینجار هۆشداری لە مەترسییەکانی دەستێوەردانی رووسیا لە ئۆکرانیا داوە، بەڵکو فڕۆکەی بێفڕۆکەوانیشی بۆ ئەو وڵاتە دابینکرد، کە دواتر ئەم پاڵپشتییە هاوپەیمانانی ئەنقەرەی لە ناتۆ زۆر دڵخۆشکرد.

Loading related news...