
28ـى ئەم مانگە 12ـەمین فێستیڤاڵی هەناری هەڵەبجە دەستپێدەکات.
ماوەى چوار ڕۆژ بەردەوام بێت و چاوەڕوان دەکرێت هەزاران کەس سەردانى بکەن.
ئیدارەى پارێزگاکە ئامادەکاریی کردووە.
بەڕێوەبەرایەتیی هاتووچۆی پارێزگای هەڵەبجە، بە مەبەستی ڕێکخستنی جووڵەی ئۆتۆمبێلەکان، کەمکردنەوەی قەرەباڵغی و ئاسانکاری بۆ سەردانیکەران و گەشتیارانی فێستیڤاڵی هەنار، پلانێکی تایبەت و نەخشەی ڕێڕەوەکانی هاتوچۆی بۆ چوونەژوورەوە و دەرچوون لە شارەکە ڕاگەیاند.
شۆفێرانی ئۆتۆمبێلە ئاساییەکان: هاتنەژوورەو لە ڕێگای سەرەکیی (تەپەتۆڵەکە - سیروان) دەستپێدەکات.
شۆفێرانی ئۆتۆمبێلە گەورەکان (پاسە گەورەکان) (بە هێڵی مۆر دیاریکراوە): ئەم ئۆتۆمبێلانە ئاڕاستە دەکرێن بەرەو یاریگای نێودەوڵەتیی هەڵەبجە و لەوێ دەوەستن.
بۆ ئەم مەبەستەش، ئۆتۆمبێلی گواستنەوەی تایبەت (پاس و مینی پاس) دابینکراوە بۆ گواستنەوەی گەشتیاران لە یاریگاکەوە بۆ ناو فێستیڤاڵەکە.
ڕێگاکانی دیکەی هاتنەژوورەوە بۆ ناو شار و پارکی شاری یاریی هەڵەبجە:
ڕێگای شەقامی گشتیی بە ئاڕاستەی ڕاستەوڕاست بۆ سەرەوە.
ڕێگای پشت یاریگای هەڵەبجە (دەروازەی شار) بە ئاڕاستەی حەسەن ئاوا و پەروەردەی هەڵەبجە.
ئاڕاستەی بەنزینخانەی سان لە ڕێگای (40کم) بەرەو مزگەوتی بەختیاری.
ڕێگای هەورامان - گوندی عەنەب بەرەو جەلیلە و عەبابەیلێ.
ڕێگای پشتی مۆنۆمێنتی هەڵەبجە (گەڕەکی یادگاری) بۆ پشتی گوندی بامۆک.
ئاڕاستەکانی دەرچوون بۆ دەرەوەی شار بە هەمان شێوازی هێڵەکانی هاتنەژوورەوە دەبێت.
قەدەغەکردنی هاتووچۆ: بە هیچ شێوەیەک ڕێگە بە هاتنەدەرەوەی ئۆتۆمبێل لە ڕێگای سەنتەری شارەوە نادرێت.
شوێنی وەستان (پارکینگ): گەراجەکانی پارکینگ بۆ ڕاوەستانی ئۆتۆمبێلی گەشتیاران لەسەر نەخشەکە بە هێمای تایبەتی پارکینگ دیاریکراون.
لە کۆتاییدا، بەڕێوەبەرایەتیی هاتوچۆی هەڵەبجە داوا لە سەرجەم شۆفێران و گەشتیاران دەکات پابەندی ڕێنماییەکان و هێماکانی هاتووچۆ بن، بە مەبەستی پاراستنی سەلامەتی گشتی و بەڕێوەچوونی فیستیڤاڵەکە بە سەرکەوتوویی.
لە فێستیڤاڵی هەناری هەڵەبجە بەکارهێنانى مەنجەڵی فافۆن و لیمەندۆزی قەدەغەکران





