کاردانەوەکان لە بەرامبەر کتێبى تاوانەکانى بەعس بەردەوامن.
لە کتێبەکەدا باسى جینۆسایدەکانى ئەنفال و کیمیاباران نەکراوە.
پەرلەمانتارانیش داواى پێداچوونەوەیان بە کتێبەکەدا کردووە.
ئالان حەمەسەعید، وەزیری پەروەردەی هەرێمی کوردستان لە کۆنفرانسێکى ڕۆژنامەوانیدا لە وەڵامى پەیامنێرى کەناڵ8، لەبارەى کتێبى تاوانەکانى بەعس، گوتى "کتێبەکە سێ ساڵ لەمەوبەر و لە ساڵی خوێندنی 2022-2023 کتێبەکە دەرکراوە، نیگەرانییەکانمان بە وەزیری پەروەردەی عێراق گەیاندووە و ناڕەزایەتیمان دەربڕیوە و ئەویش هاوڕا بووە".
لەسەردانی وەزیری نوێی وەزارەتی پەروەردەی عێراقدا دووبارە ئاگادارمان کردنەوە. کە تێبینمان لەسەر کتێبەکە هەیە.
کتێبێکی وەزارەتمان هەیە بەناوی جینۆسایدی گەلی کوردستان، لە قۆناغی ئامادەیی و بە هەردوو شێوەزار کوردی و زمانەکانی عەرەبی ئینگلیزی دەخوێندرێت.
ئامادەین تێکست لەسەر تاوانەکانی جینۆساید ئامادە بکەین و پێشکەشیان بکەن و بیاندەنێ بۆ ئەوەی لە کتێبەکەى خۆیاندا جێگەی بکەنەوە.
بەڕێوەبەرایەتیى گشتیی پرۆگرامەکانى سەر بە وەزارەتى پەروەردەى فیدراڵ، کتێبێکى بەناوى کتێبى تاوانەکانى حیزبى بەعس بۆ قۆناغى چوارەمى ئامادەیی چاپکردووە، لە سێ بەش و 15 بەند پێکدێت لە یەک بەنددا باسى تاوانەکانى دژ بە گەلى کورد کراوە و ئەویش بەشێوەیەکى سەرپێیی و سادە.
لە کتێبى تاوانەکانى حیزبى بەعس ناوى هەرێمى کوردستان بە باکوورى عێراق هاتووە
